سەروان ئەنوەر
قوتابی قۆناغی چوارەم / زانکۆی سۆران
سەرەتا بزانین دەولەت چییە ..؟ چەمکی دەوڵەت لە چوارچێوەی چەمکەکانی (کۆمەڵگا و وڵات و نەتەوە) دروست بووە، کە ھەر یەکێکیان مانا و مەفھومی خۆی ھەیە. وەک دەوترێت دەوڵەت (فێرکردن، چارەسەرکردن، بەرگریلێکردنە)
کەواتە دەتوانین بڵێین دەوڵەت دامەزراوەیەکە پێکدێت لە کۆمەڵە دەزگاێکی سیاسی، ئابووری و یاسایی بۆ بەرێوەبردن و خزمەتکردنی میللەت بە رێگایەکی دروست.
دەمەوێ لێرەدا تیشک بخەمە سەر یەک جۆر دەولەت، ئەویش دەولەتی نەتەوەییە کە دەولەتی نەتەوەی : ئەو دەولەتەیە کە بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری نەتەوەیەک پێک هاتووە.
با بزانین کورد چییە ..؟ لە وەلامدا کورد ڕەسەنترین نەتەوەیە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، کە لە کۆن و ئێستادا ماف خوراوە کە لەسەر زەوی ژیانێکی نەهامەتی دەکات، ئەویش لە سایەی هەبوونی دوژمنانی لە چواردەوریان و بە تایبەتی عوسمانیەکان و سەفەویەکان و چاوچنۆکی و تموحیان لە خاک و سەروەت و سامنی سروشتی سەر زەوی و ژێر زەوی ئەم ناتەوەیە خێر لەخۆ نەدیوە کە خاوەن هەموو بنەماکانی دەولەتە و بێ دەولەتە .
سەبارەت بە دەسەلات و قەوارەی كوردی بە گشتی لە هەموو ناوچەكانی كۆنی كوردستان بوونی هەبووە، بەڵام شتێكی گشتگیر كە لەناویان دەبینرێت كە ئەویش سەركەوتوو نەبوونیانە لە دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی سەربەخۆی كورد كە بە درێژای مێژوو بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی گەلی كورد.
زۆر جار وای كردووە كورد رووبەڕووی ئەزموونی گەورە و قورس بێت، بەڵام بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە پێویستە هۆكار و ڕێگرییەكان دیاری بكرێت، بۆیە دەبێت هۆكارەكانی دروستنەبوونی دەوڵەتێكی یەكگرتووی سەربەخۆ لە كوردستان دەستنیشان بکەین.
هۆکاری دروست نەبوونی دەوڵەتی کوردی:ــ هۆکارەکان دابەش دەکرێن بەسەر دوو بەش .
یەکەم :هۆکاری سروشتی، دووەم:هۆکاری مرۆیی.
یەکەم:ــ هۆکاری سروشتی. ئەمەش دابەش دەکرێت بەسەر چەند هۆکارێک لەوانە:
شوێنی جوگرافی کوردستان:ــ کوردستان لە ڕووی جوگرافیەوە کەوتۆتە بەشی باشوری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا شوێنێکی ناوەڕاستی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بۆیە (تۆمابوا) دەڵێت کوردستان بەتەواوی لە دڵی ئاسیای بچوکدا هەڵکەوتوە و شوێنێکی ناوەڕاستی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و بڕبڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێک هێناوە .ئەم ناوچەیەش شوێنی بەیەک بەستنی جیهانی کۆن دادەنرێت وە پردی پەڕینەوە بوە لەنێوان باکورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. وەهەروەها زانا (سیڤریسکی)خاوەنی تیۆری هێزی کئاسمانی و کلیلی مانەوە ، شوێنی کوردستان بە ناوچەی چارەنوس دادەنێت بە گرینگترین ناوچەی دانەوە لەڕوی ستراتیجیەوە ، چونکە ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێر کاریگەری هێزی ئاسمانی ئەمریکا و سوڤیەت بەمەش هەر لاینێک ئەم ناوچەیە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی ئەوا ناوچەکانیتریش بۆی ئاسان دەبێت هەر ئەمەش بوە کوردستان بەردەوام ببێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی شەڕی زلهێزەکان و پوکانەوەی نەتەوەی کورد.
شوێن فەلەکی کوردستان: مەبەس لە شوێنی فەلەکی هەڵکەوتەی شوێنی کوردستانە بە گوێرەی بازنەکانی پانی و هێڵەکانی درێژی.کە کوردستان کەوتۆتە نێوان بازنەی پانی (٣٠.٦١ــ٤٠.٣٩) باکوری گۆی زەوی هێڵی درێژی (٣٠.٠٠ـــ٥٢.٦١) ڕۆژهەڵات . کە ئەمە وای کردوە کوردستان بۆ 9 هێڵی درێژ بێتەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابووری و سیاسی ناوچەکە هەیە و وە شوێنێکی گرینگە بۆ جۆراو جۆری کشتوکاڵی و وە ڕێگایەکی گرینگی بازرگانی بوە ناوچەیەکی گرینگی ئاسیای بچووکی وەرگرتوە .کە ئەمەبۆتە هۆکاری چاوتێبڕینی بێگانەکان و کپرکردنی هەو ڵ و ڕای ئازادی خوازە کوردەکان .
شوێن بە گوێرەی وڵاتانی دراوسێ:ــ شوێن بەپێی دراوسێیەتی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە چونکە ئەم هۆکارە ڕەوشی پەیوەندیەکان دیاریدەکات ئەم فکتەرە لە ڕابردوو و ئێستاش دا گاریکەری هەبوە لەسەر بیری سەربەخۆی کوردستان چونکە کوردستان کەوتۆتە چوارچێوەی چەند وڵاتێک کە بە هەمووشێوەیەک دژایەتی نەتەوەی کوردیان کردوە لەوانە (تورکیا ،سوریا،عێراق ، ئێران)
شوێن بەگوێرەی وشکانی و ئاوی:ــ بەهۆی هەڵنەکەوتنی کوردستان بەسەر هیچ ڕوبەرێکی ئاوی تەنها ڕوبەرێکی بچوک نەبێ ئەویش لە کەنداوی (ئەسکەندەرۆنە) لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستان .هەر بۆیەش کوردستان بە ناوچەیێکی کیشوەری (بەندکراو )دادەنرێت. هەر بۆیە ئاڵ و گۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەرەوە لەڕێگای وڵاتانی دراوسێیەوە بوە هەر ئەمەش وایکردوە وڵاتانی چواردەوری ئەم فاکتەرە وەک کارتێکی فشار بەکار بێنن بۆ سەر کوردستان و بۆ ئەوەی نەتوانێت بەرەو پێش بچێت و سەربەخۆیی ڕابگەیێنێ.
دووەم : هۆکاری مرۆیی
-نەبوونی ناوەندێكی نەتەوەیی كە هزر و ئایدلۆجیای كوردبوون و پێویستی بوون بە قەوارە لە هزری تاكی كورد قووڵ بكاتەوە گرفتێكی ترە و ئەم بۆشایییە بووەتە هۆی گەشەنەكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و سیاسی كورد بە گوێرەی پێویست، كە لە هەموو پارچەكان یەك جۆر بیركردنەوەی سیاسی هەبێت. دابەشبوونی كۆمەڵگای كوردی لە نێوان خێل و ناوچە و زار و هەروەها نەبوونی پێوەندی لە نێوان ئەم پارچانەوە و دابەشكردنی كوردستان پێش جەنگی جیهانی یەكەم لە نێوان دوو دەسەڵاتی گەورە وەك سەفەوی و عوسمانی، دەكرێ بە هۆكاری گرنگ دابنرێ كە كورد نەیتوانیوە بە درێژایی مێژوو دەوڵەتێكی سەربەخۆ دروست بكات.
ـ کۆنەبوونەوەی لایەنەکان لەژێر یەک ئالا: بەدرێژای مێژوو هەر لەسەردەمی هۆزایەتی و میرنیشنەکان و تا دەگات بە سەرەتای سەدەی بیست کورد خاوەنی سەرکردەیێک نەبوە کە بتوانێت گشت بیر و بۆچوون و لایەنەکان کۆبکاتەوەو بەهەموویان لەپێناو بەدیهێنانی خەونە نەهاتوە دیەکەی گشت تاکی کورد بهێننەدی، بەلام هەرچەند ئێستا کوردی باشوور خاوەن سەرکردەیەکی خەم خۆر و هەولدەر بۆ پرسە کوردیەکانە و مێژوو شایدی قوربانیدان و هەول و تێکۆشانیەتی ، بەلام لەبەر نەبوونی هەستی نیشتیمانی لەلایەن چەند لایەنێکی کوردی ئەویش نەیتوانیوە گشتیان کۆکاتەوە ژێر یەک ئالا .
ـ دووبەرەکی نێوان لایەنەکان و بەرژەوەندی کەسی لەپێش بەرژەوەندی گشتی:ـ هەر لەسەرەتای دروست بوونی کورد خاوەن پێگەیێکی یەکگرتوو نەبوە بەردەوام لە دژی یەک بوونە هەریەکە دژایەتی ئەوەیتری کردوە کە بە شەڕی ناوەخۆ ناسراوە هەوڵی داوە لە پێناو سنوری دەسەڵاتی خۆی شەڕ لەگەڵ برا هاوزمان و هاو خاکەکەی بکات بێ ئاگا لەوەی تەنها مێژوێکی ڕەش دەمێنێتەوە بۆیان. میلـلەت بە خیانەتکار ناویان دەبات.
ــ نەبوونی ئابوریێکی بەهێز :ـ کوردستان خاوەنی دەرامەتێکی سروشتی گرینگ و خاوەنی سەرچاوەی ئابووری زۆرە بەڵام ئەوەی جێگای داخە نەیانتوانیوە سوود لەو سەرچاوە ئابوریانە وەرگرن. یەکەم بناغەی دەوڵەتیش پێویستی بە ئابووریێکی باش هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشە نەبێتەوە.
ـ خیانەت کردن :ـ کاتێک دەستەیێک لە کوردستان سەری هەڵدەدا لە پێناو ئازادی کوردستان خەبات و تێکۆشانیان دەکرد لە لایێکی ترەوە چەندین خیانەت کار و خاک فرۆش هەڵدەستان بە هێنانی بێگانەو کارکردن بۆ دوژمنانی کورد بۆ چەوساندنەوەی میلەتەکەی خۆیان ئەمەش هۆکار بوە بۆ ئەوەی بێ هێزی کوردستان دەربخات.
نوێترین نموونە ١٦ی ئۆکتۆبەری سالی ٢٠١٧ بوو کە هەرگیز لەیاد ناکرێ.
ـ هەندێک سیاسەت کردنی هەلە بەرامبەر دەرەوە:ـ هەر وەک سەرۆکی نەتەوە یەک گرتوەکانی پێشوو (ترەمپ)لە وتارێکیدا وتی کورد جەنگاوەرێکی بەهێزە .(ئێمە بەسەرباز دەبینن )ناحەقیشیان نیە چونکە هەندێک لە سیاسەتەکانی کورد و سیاسیانی کورد بونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە بەو چاوە دیارکەوین.
ـ نەبوونی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو:ـ لەڕابردوودا بەگشتی و لە ئێستادا بەتایبەتی کەسێکی شیاو لە شوێنی شیاو دانەنراوە بۆ نموونە ئێستای پەرلەمانی کوردستان دەبینین کە (مەلا، گۆرانی بێژ ، جاشێکی بەناو پێشمەرگە………هتد) سیاسەت کردن بەمانە ئەکرێ؟ئەمە باسی وەزیر و وەزارەتەکان هەر ناکەم وە باسی سەرۆک کۆمەرەکانی عێراقیش ناکەم کە سەر بە لیستە کوردیەکان و پشکی هەرێم بوونە، هەموو ئەمانە زەرەرێکی گەورەی لە پێگەی کورد داوەو کوردی بەرەو لاواز بوون بردوە . ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش ساڵانی (٢٠١٤) و پێش شەڕی داعش کورد نیمچە سەربەخۆیێکی وەرگرتبوو بەڵام لەبەر خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، سەرکردەکانی حیزبی خاوەن هێز کە مەبەستمان یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لەبەر نەبوونی هەستی نیشتیمان پەروەری و بەرژەوەندی کەسی وایکرد ڕوبەری هەرێم بچووک ببێتەوە و هەندێک لە دەسکەوتەکان لەدەست بدەین.
ـ یەک گرتووی دوژمنانی کورد لەکاتی پرسی کورد دا. زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە زلهێزەکانیتریش کە هەموویان دوژمنی یەکن بەڵام کاتێک پرسەکە دێتە سەر کورد ئەوا گشتیان دەست لەناو دەست لەپێناو پوکاندنەوەی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی دەوڵەتێک بەناوی کوردی دروست نەبێ .
کەواتە خیانەت و نادڵسۆزی تاكی كورد بەرانبەر بە كۆمەڵگا و پرسی نەتەوەیی و تێكەڵكردنی بەرژەوەندی تاكەكەسی و تۆڵەسەندنەوەی كەسی و پەراوێزخستنی پرسە نەتەوەیییەكان، وای كردووە بە ئێستەیشەوە كورد لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە سەرەكییەكەی دوور بكەوێتەوە.
ئەمانهی باسم کرد چەند هۆکارێک بوون کە وای کردوە کورد خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ نەبێت و خاکەکەی بەش بەش بکرێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە ئێمەی کورد دەستەوەستان بوەستین چونکە هەموو کارێک هەوڵی دەوێت بەڵام پرسی دروستبوونی دەوڵەتێکی ئاوا هەوڵێکی ئەقڵانی بەهێزی یەکگرتووی دەوێت و پێویستمان بە یەکگرتنێکی گشتگیر و هاوکار و یارمەتیدەربوون هەیە بۆ مەرجەعی ئێستای کورد کە سەرۆک بارزانییە، چونکە مێژوو شایدی خەبات و تێکۆشان و هەولدانی بەدەولەتبوونی ئەم لایەنی سیاسیەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەم لە سەردەمی جەنەڕااڵ مستەفا باوکی و خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا کە ئامانجی بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەیی میلـلەتەکەیە ئەویش دەولەتی کوردیە .
ئەو سەرچاوانەی سودیان لێ وەرگیراوە
١- کورد و دەوڵەت، بەرزان ئەحمەد کوردە، سلێمانی ٢٠٢٠ز.
٢- دەوڵەتی کوردی، بۆچی گەلی کورد تائێستا نەیتوانیوە دەوڵەتی خۆی دامەزرێنێت؟ د. جەواد مەلا، لەندەن ٢٠٠٩ز
٣- کورد و دەوڵەتی سەربەخۆ بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، محەمەد ساڵح ئاکرەیی، دھۆک ٢٠٠٧ز.
سوپاسی بێ پایانی زۆر بەرێز : (پرۆفیسۆر ابوبکر دێونە )دەکەم بۆ وروژاندنی ئەم پرسە و کردنەوەی فیکرم لەسەر ئەم بابەتە گرنگە.