کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا گومانی خستە سەر ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی کە ئێران بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاند، ئەو دەقەی لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە گەیشتووەتە دەست واشنتن، جیاوازە لەوەی کە تاران بۆ ڕای گشتی بڵاویکردووەتەوە.
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناڕێکی و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دەقەی کە ئێران لە میدیاکانەوە بانگەشەی بۆ دەکات و ئەو پێشنیازە ڕاستەقینەیەی کە بە ئامرازی دیپلۆماسی بۆ ئەمریکا نێردراوە، هەیە. واشنتن ئەم هەنگاوەی تارانی وەک “مانۆڕێکی میدیایی و سیاسی” وەسف کرد کە ئامانج لێی گۆڕینی سەرنجی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە مێزی گفتوگۆکاندا.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەمریکا تەنیا لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامە فەرمییانە مامەڵە دەکات کە لە کەناڵە دیپلۆماسییە باوەڕپێکراوەکانەوە پێی دەگات، نەک ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە. ئەم پێشهاتە نوێیە ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی تەنگژەی متمانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە نێوان ئاگربەستێکی ناسک و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕدایە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پێشنیازێکی جیاواز بۆ ڕای گشتی، وا نیشان بدات کە لایەنی نەرمە و دەیەوێت فشار بخاتە سەر واشنتن، بەڵام لە پشت پەردە و لە دەقە ڕاستەقینەکەدا مەرجی تر و جیاوازتری داناوە کە ڕەنگە بۆ ئەمریکا قبوڵکراو نەبن، ئەمەش پرۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاڵۆزتر دەکات.

































































