زاری کرمانجی
بەرپرسی ناوچەی سیدەکانی یەکێتی زانایانی ئاینی، بەزاری کرمانجی ڕایگەیاند:” بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین، سمینارێکی هۆشیارکردنەوە سازکرا بۆ مامۆستایانی ئاینی، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی پەیامی هۆشیاری لە نێو هاوڵاتیان.
بەشیر محێ موختار، بەرپرسی ناوچەی سیدەکانی یەکێتی زانایانی ئاینی، دووپاتی لەوەکردەوە، سمینارەکە لە ژێر ناونیشانی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی مین، تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان بەڕێوەچوو و لەلایەن بەڕێز مهدی عومەر، بەرپرسی بەشی هۆشیاری لە دەزگای مین، وانە و ڕوونکردنەوەی پێویست پێشکەش کرا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سەرەکیی ئەم سمینارە ئەوە بوو کە مامۆستایانی ئاینی لە ڕێگەی میمبەری مزگەوتەکانەوە بتوانن خەڵک ئاگاداربکەنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی، بە تایبەتی کاتێک سنووری قەزای سیدەکان هێشتا بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی لە مین پاک نەکراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەم سمینارە لە کتێبخانەی گشتی سیدەکان بەڕێوەچوو، بە بەشداری ڕێژەیەکی زۆری مامۆستایانی ئاینی دەڤەری برادۆست .

































































