نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
ڕێنماییەکی زانستی بۆ چارەسەرکاران و تەندروستیی چارەخوازان:
کەڵەشاخ یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین شێوازەکانی چارەسەری سروشتی، بەڵام بۆ ئەوەی جەستە بەرزترین ئاستی سوود لەم پرۆسەیە وەربگرێت، پێویستە بەپێی چەند هەنگاوێکی زانستی ئامادەکاریی بۆ بکرێت. یەکێک لە گرنگترین ئەو هەنگاوانەی کە هەمیشە وەک بنەمایەکی سەرەکی جەختی لێ دەکەینەوە، ئەنجامدانی مەساج و شێلانی زانستییە بۆ ئەو ناوچەیەی کە کەڵەشاخی بۆ دەکرێت؛ چونکە ئەم ئامادەکارییە تەنها کارێکی سەرپێیی نییە، بەڵکو بنیاتێکی زانستی و بنەمایەکی تەندروستییە بۆ سەرکەوتنی تەواوی پڕۆسەی چارەسەر بە کەڵەشاخ.
بۆچی پێویستە پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ مەساج بکرێت؟
١_ چالاککردنی سوڕی خوێن، مەساج دەبێتە هۆی گەرمبوونی پێست و ماسولکەکان، ئەمەش وا دەکات سوڕی خوێن لەو ناوچەیەدا خێراتر بێت. کاتێک خوێن بە باشی دەگەڕێت، پرۆسەی دەرهێنانی خوێنی زیادە و ژەهرەکان (Toxins) لە کاتی کەڵەشاخدا زۆر ئاسانتر و سەرکەوتووتر دەبێت.
٢_ خاوکردنەوەی ماسولکەکان، زۆرجار ئەو شوێنەی کەڵەشاخی بۆ دەکرێت، گرژی یان ڕەقبوونی ماسولکەی تێدایە. مەساج یارمەتی خاوکردنەوەی ئەو گرژییانە دەدات، ئەمەش وا دەکات پەرداخی کەڵەشاخەکە بە باشی لەسەر پێستەکە جێگیر بێت و کاریگەری قووڵتر بێت.
٣_ مەساج دەبێتە هۆی کردنەوە و ئامادەکردنی کونیلەکانی پێست، لە ڕێگەی شێلان و گەرمبوونی ئەو ناوچەیەی کەڵەشاخ لێ دەکرێت، کونیلەکان دەکرێنەوە و پەستانی سەر دەمارەکان کەمدەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات پێستەکە نەرم و ئامادە بێت، کە یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی هەستی ئازار لە کاتی کێشانی پێستەکە و دانانی کوپی کەلەشاخ.
٤_ بەدەستهێنانی هاوسەنگیی دەروونی و جەستەیی، پرۆسەی شێلان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی سترێس (کورتیزۆڵ) و هاندانی دەردانی هۆرمۆنەکانی ئارامی وەک (ئەندۆرفین و سیرۆتۆنین). ئەم گۆڕانکارییە کیمیاییە لە جەستەدا، یارمەتی چارەخواز دەدات کە لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە بێت و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ پێشوازی لە پرۆسەی کەڵەشاخ بکات، ئەمەش گرژیی ماسولکەکان کەمدەکاتەوە و لەدوای مەساج چارەسەری بە کەڵەشاخ زۆر باشتر و خێراتر سودی لێ دەبینێت.
سوود و گرنگی تێکەڵکردنی مەساج و کەڵەشاخ بۆ تەندروستی مرۆڤ
کاتێک مەساج و کەڵەشاخ بەیکەوە ئەنجام دەدرێن، سوودەکانی چەند هێندە زیاتر دەبن :
١_کەمکردنەوەی ئازار، ئەو کەسانەی پێش کەڵەشاخ مەساجیان بۆ دەکرێت، کەمتر هەست بە ئازاری پەرداخەکان و شوێنی برینەکان دەکەن.
٢_ باشترکردنی کاریگەری چارەسەر بەمەساج ڕێگایەکی باشە بۆ “بەئاگاهێنانەوەی” کۆئەندامی دەمار، کاتێک دوای ئەو کەڵەشاخ دەکرێت، کۆئەندامی بەرگری جەستە خێراتر کارلێک دەکات بۆ پاککردنەوەی جەستە.
٣_ ڕێگری لە دروستبوونی شینبوونەوەی قورس و زۆر دەکات لەسەر جەستە، بەهۆی ئەوەی مەساج سوڕی خوێن لە و ناوچە دەستنیشانکراوەکەدا چالاک دەکات، خوێن لەو شوێنەدا بە شێوەیەکی ڕەوان دەگەڕێت و نیشتەنی (جێگیر) نابێت. کاتێک (کوپی کەڵەشاخ) دادەنرێن، ئەم ڕەوانییەی خوێن وا دەکات کێشانی پێستەکە نیشانەیەکی شینی قورس و ناڕێک لەدوای خۆی جێنەهێڵێت، ئەمەش سیمایەکی تەندروستتر بە پێست دەبەخشێت و پرۆسەی چاکبوونەوەی شوێنی پەرداخەکان خێراتر دەکات.
تێبینی : من وەک شارەزایەک و لە ڕوانگەی ١٧ ساڵ ئەزموونی مەیدانی و پراکتیکی لە بواری چارەسەری بە کەڵەشاخ بەشێوازێکی زانستی و پزیشکی، ئامۆژگاری هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ڕوودەکەنە سەنتەر یان نۆرینگە و شوێنەکانی چارەسەر بەکەڵەشاخ ؛ داوا بکەن پێش دەستپێکردنی کەڵەشاخ، بە مەساجێکی زانستی و گونجاو شوێنەکە ئامادە بکرێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا کەسانێک کەڵەشاخ بە پرۆسەیەکی بەئازار و ناخۆش دەبینن. بەڵام کاتێک مەساجی پێشوەختە دەکەیت بۆ (چارەخواز) هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات، بۆیە ئەو “ترس و دڵەڕاوکێیەی” هەیبوو دەگۆڕێت بۆ “هەستکردن بە حەوانەوە و دوور لە دڵەڕاوکێ. لە هەمان کاتدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە تەنها لەلایەن کەسانی پسپۆڕ، شارەزا و ڕاهێنراو ئەنجام بدرێت؛ چونکە ئەنجامدانی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناپیشەیی، لەبری سوود، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستیی چارەخواز.

































































