ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
توێژینەوە نوێکان ئاشکرای دەکەن کارلێکی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ، کە وەک هۆرمۆنی سترێس دەناسرێت. هاوکات کاریگەری هەیە لە نزمکردنەوەی فشاری خوێن.
بە پێی ئەم لێکۆڵینەوانە، ئاژەڵە خانەوەییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کەمکردنەوەی تەنیایی، زیادکردنی هەستی پشتگیری کۆمەڵایەتی و باشترکردنی مەزاجی تاکەکاندا.
توێژەران هەروەها کاریگەری ئاژەڵان لەسەر گەشەی منداڵان دەکۆڵنەوە، بە تایبەتی لە کارلێکەکانی نێوان ئاژەڵ و منداڵانی هەڵسوکەوتی ئۆتیزم، کەمترخەمی سەرنج و چالاکی زۆر (ADHD) و حاڵەتەکانی تر. بە پێی ئەوان، ئەم کارلێکانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئارامکردنی منداڵان.
لە هەمان کاتدا، پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر ئامانجی تاک زیادکردنی چالاکی جەستەیی بێت، خاوەندارێتی سەگ دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی گونجاو بێت، چونکە پێویستە ڕۆژانە بۆ پیاسە بردنی سەگ بڕوات، ئەمەش ئاستی چالاکی جەستەیی زیاد دەکات. لە لایەکی ترەوە، سەیرکردنی مەلەکردنی ماسییەکان دەتوانێت هەستێکی ئارامی دروست بکات و دڵەڕاوکێی کەم بکاتەوە.
پسپۆڕان ئاماژە دەکەن کە ئاژەڵەکان زۆرجارغ وەک سەرچاوەی ئاسوودەیی و پاڵپشتی بەکاردەهێنرێن، و هەندێک جار لە چارەسەری پزیشکیدا جێگەی تایبەتیان هەیە. لە هەندێک نەخۆشخانە و خانەی بەساڵاچوواندا، ئاژەڵەکان دەهێنرێن بۆ کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێی نەخۆشەکان.

































































