بەپێی راگەێندراوی دادگای ناوەندیی تاوانەکان بڕیاری لە سێدارەدان بۆ شانەیەکی تیرۆریستی دەرکردووە کە لە 11 کەس پێكهاتوون و سەر بە رێکخراوی داعشن .
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەری لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “دادگای ناوەندیی تاوانەکان سزای لەسێدارەدانی بۆ شانەیەکی تیرۆریستی دەرکرد، کە پێکهاتبوون لە یازدە تیرۆریستی سەر بە رێکخراوی داعش، بە تاوانی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت.”
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەو سزادراوانە لە رێگەی سۆشیال میدیا و پەیجە كەسییەكانەوە پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە کردووە، ئەمە جگە لەوەی راهێنانی تایبەتییان وەرگرتووە لە دروستکردنی ئامێری تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی تیرۆریستی.”
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەو سزایانە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی 4/1 و بە ئاماژەدان بە ماددەی 2/1 و 3 و 4ی یاسای دژە تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 بەسەریاندا سەپێنراوە.”

































































