ئامادەکردنی: د. ئازا کامەڕان
لە بڵاوکراوەیەکی نوێدا، تیشک خراوەتە سەر سوودەکانی خواردنەوەی ئاوی لیمۆ بە شێوەیەکی ڕۆژانە بۆ وەرزشوانان.
بەپێی وتاری جەیمی وۆڵف، ئەم کارە سادەیە سێ گۆڕانکاری سەرەکی لە جەستەی وەرزشوانان دروست دەکات کە بریتین لە شێدارکردنەوەی جەستە، باشترکردنی کرداری هەرس، و پاڵپشتیکردنی تەندروستی دڵ و چاکبوونەوەی برینەکان بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین C و دژەئۆکسانەکان.
هەرچەندە ئەم خواردنەوەیە سوودی زۆرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ترشەڵۆکی لیمۆ دەبێتە هۆی داخورانی مینای ددان و زیادبوونی کێشەی دڵەکزێ. بۆ خۆپاراستن، ڕێنمایی دەدرێت کە پاش خواردنەوەی ئاوی لیمۆ لانی کەم کاژێرێک چاوەڕێ بکرێت پێش ددان شۆردن، یان قەسەب بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ترشەڵۆکەکە ڕاستەوخۆ بەر ددانەکان نەکەوێت.
ئەم بابەتەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرینەی جار گۆڕانکارییە بچووکەکان لە شێوازی ژیاندا دەبنە هۆی ئەنجامی گەورە لەسەر تەندروستی گشتی یاریزانان و هەموو مرۆڤێک.

































































