بەرهەمهێنان غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێكردەوە و لە ماوەی 12 كاتژمێری داهاتوو دۆخی كارەبا و غازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە .
ئەمڕۆ چوارشەممە 08ی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا راگەیاند” کۆمپانیای دانا غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی بە بەرهەمهێنانی غاز کردووەتەوەو بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە قۆناخ بە قۆناخ بەرز دەبێتەوە و بەمەش پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان زیاد دەبێت”.
کێڵگەکە پێش راگرتنی کارەکانی رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی بەرهەم دەهێنا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 1000 تۆن غازی شلی ماڵان لە رۆژێکدا، بە دەست پێ كردنەوەی بەرهەم هێنانی غاز دۆخی غازی ماڵانیش ئاسایی دەبێتەوە .
لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، کۆمپانیای دانە گاز وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرتبوو، ئەمەش ببووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و دروستبوونی قەیرانی غازی شلی ماڵان (LPG) لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازییە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و لەلایەن کۆنسێرتیۆمی پێرل پیترۆڵیۆمەوە (بە سەرۆکایەتیی دانە گاز و کرێسێنت پیترۆڵیۆم) بەڕێوە دەبرێت.

































































