“لە ئیدارەی سۆران رۆژانە 11 بۆ 12 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە”
پشتیوان كەریم – سۆران:
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ئیدارەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دا، باس لە كێشە و پڕۆژەكانی كارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران دەكات، هەروەها باس لە پێوەری زیرەك و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا دەكات. دەشڵێ:” ئەگەر ئێران داشكاندن بكات كارەبای زیاتر لەو وڵاتە دەكڕین.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ئیدارەی سۆران، لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت:” هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ شاندێكی ئێرانی هەبوو، تەوەرێكی كۆبوونەوەكەمان بریتی بوو لەو كارەبایەی لەو وڵاتە دەكڕین بۆ ناحیەی حاجی ئۆمەران، هەروەها لەسەر چۆنیەتی پێدانەوەی ئەو قەرزانەی كە سێ مانگە لەسەر یەك كەڵەكە بوونە، گفتوگۆ لەبارەی ئەو گرێبەستە كرا كە لە نێوانمان دا هەیە، گوتمان دەتوانین زیاتر پەرە بەو بڕە كارەبایە بدەین كە ئێستا دەگاتە حاجی ئۆمەران، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوودی لێ وەربگرین و بۆ شوێنەكانی دیكەش رابكێشین، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە كارەبایەی كە ئێمە دەكڕین لە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان كەمترە لەوەی كە ئێمە لە ئێوە دەكڕین، بۆیە پێمان گوت ئەگەر داشكاندن لە نرخی كارەبا بكەن، كارەبای زیاتر لێتان دەكڕین.
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، لە بارەی كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران دیاركرد:” چەند هۆكارێك هەن بۆ كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا، لەگەڵ ئەوەش ئەم مانگە هاوسەنگی دروست دەكەین بۆ تەواوی شوێنەكان بە هەموو قەزا و ناحیەكانەوە، دابەزینی ڤۆڵتییە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر كەمبوونەوەی كارەبا بەتایبەتی لە وەرزی زستان، چونكە باری كارەبا لەوەرزی زستان زۆر زیاتر دەبێت لەچاو وەرزەكانی دیكەی ساڵ، بۆیە راستەوخۆ كار دەكاتە سەر كارەبای ماڵان، هەروەها گرانی نرخی سووتەمەنی هۆكارێكی دیكەیە، هەوڵ دەدەین لە ئاستێكدا كارەبا رابووەستێنین، بۆ ئەوەی هیچ لایەك زیانمەند نەبێت، ئێستا 11 بۆ 12 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتییان، مۆلیدە ئەهلیەكانیش شەش كاتژمێر كارەبا دەدەن، لە گوندەكان مۆلیدەی ئەهلی نییە، لە كاتی پێویست بەتایبەتی شەوان كارەبای نیشتمانی بەوان دەدرێت، لە كاتژمێر یەكی شەو تا یەكی دوای نیوەڕۆش كارەبا بە هاووڵاتییانی شار دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ئیدارەی سۆران، لە بارەی سیستەمی پێوەری زیرەك، گوتی:” لە سنووری ئیدارەی سۆران 75 تا 76 هەزار هاوبەشی كارەبا هەیە لەو رێژەیە زیاتر لە 53 هەزار هاوبەش پێوەری كارەبای زیرەكی بۆ بەستراوە، پێوەری زیرەك هاوسەنگیەكی باشی راگرتووە لە نێوان هاوبەشانی كارەبا بەو پێیەیی خەڵك پێشتر چەند خەتێكی بەسەرپێچی رادەكێشا، ئێستا ئەوە نەماوە و بنبڕ كراوە، بەدادپەروەریەكی باش كارەبا بە هاوبەشان دەدرێت، ئەو شوێنانەی پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە %99 زێدەڕۆی بنبڕكراوە، بەڵام ئەو شوێنانەی پێوەری زیرەكیان بۆ نەچووە رەنگە زێدەڕۆیی هێشتا بوونی هەبێت، بۆیە تیمەكانمان بەردەوام كار دەكەن هەم بۆ نەمانی دیاردەی زێدەڕۆیی، هەمیش بۆ بەستنی پێوەری زیرەك.
لە دواین قسەكانیدا، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ئیدارەی سۆران، روونیشیكردەوە:” بەهۆی كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا هاوبەشانی كارەبا بەردەوام سكاڵا ئەنێرن بۆ هێڵەكانی خزمەتگوزارەی كارەبا كە كارەبایان بەش ناكات، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی زۆری خواست لەسەر كارەبا لەو ماوەیەدا كارەبا لە 40 ئەمپێرەوە كراوە بە 30 ئەمپێر، دوو هێڵی پەیوەندیش دیاری كراون لە كاتی كوژاندنەوەی كارەبا هاوبەشانی كارەبا دەتوانن لە رێگەی ئەو دوو هێڵەوە پەیوەندی بكەن كە 24 كاتژمێر بەردەستە، بەڵام ئەم دوو هێڵە لۆدێكی زۆری لەسەرە، هەر بۆ ئەو مەبەستە دوو كەس بەردەوام وەڵامی پەیوەندییەكان دەدەنەوە، هەروەها ئەو قەرزانەی كە هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە لەسەر هاوبەشانی كارەبا تۆمار دەكرێن و كەس ناتوانێت دەستكاریان بكات، بەڵام ئەوانەی لەئەنجامی دروستبوونی هەڵە پارەی زیادەیان بۆ دەنوسرێت لیژنەمان هەیە بۆ وەزارەتی كارەبا دەنێردرێت كاری لەسەر دەكەن بۆ راستكردنەوەی هەڵەكە”.