رێبوار حەمەلاو شوانی
مێژوو گەواهیدەرە لەوەتەی عێراق لەلایەن زڵهێزانەوە بۆ بەرژوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بە زۆر پێکەوە لکێنرا و دروستکرا تا بە ئەمڕۆ نەک هەر هیچ ئاشتی وسەقامگیرییەکی بەخۆیەوە نەبینیووە ، بەڵکو رۆژ بەرۆژ زیاتر بەرەو وێرانکاری و دوژمنکاری و هەرەستهێنانی لە گشت بوارەکاندا پاشەکشێ کردووە ، بەتایبەت لە ماوەی 23 ساڵی رابردوو و بەئێستاشەوە ،بەهۆی پێشێڵکاری دەستووری و یاسایی و بارمتەکردنی دەسەڵاتی عێراق لەلایەن گروپ و چەکدار ومیلیشیا تیرۆریست و لەیاسا دەرچووەکانەوە رۆژ بەرۆژ نەک تەنها عێراق و گەلانی ناوچەکە بەڵکو بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایش و ئارامی ، جگە لە قۆرخکاری و تاڵانکردنی سەرەوت و سامان و خۆسەپاندن بە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت ، هیچ شتێک بەناوی سەروەری عێراقی فیدراڵی بوونی نەماوە.
ئەم تاقمە وگروپە میلیشیا تیرۆریستانە ، لە ژێر سایەتی حکوومەتی فەرمی عێراق، نەک هەر زیانی گەورەیان بەناوبانگی حکوومەتی فیدڕاڵی گەیاندووە ،بەڵکو بەڕێگەی ئەو چەک و جبەخانە و ملیارد دۆلارەی لەبەردەستیانە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا ، بە درۆنی بۆمبرێژکراو و مووشەکی بالسیتک ، پەمالاماری هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و ئینجا وڵاتانی ناوچەکە دەدەن ، لە رابردووشدا گوشاری هەمان تاقم و گروپی تیرۆریستی بوو لە بەغدا بۆ ئەوەی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکرێت لەڕووی ئابووری و داراییەوە و ئێستا بە چەک و مووشەک خەونی تێوگلاندنی کوردستان دەکەن بۆ نێو شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان و گەلە خۆڕاگرەکەی پارێزگاری لەخۆی دەکات.
بەردەوام بوونی ئەو پەلامارەدانە تیرۆریستیانەیە ، بۆ هەمووانی سەلماند و ئاشکرای کرد ، کە عێراق دەوڵەتێکی لاوازە و بچووکترین دەسەڵاتی بەسەر ئەو میلیشیاو تاقمە لە یاسا دەرچووانە دا نەماوە ، ئەوەش وایکردووە کە هەموو سنوورێک و هێڵێکی سوور ببەزێنن ، عێراق و جوگرافییاکەی و سەروەتەکەی بەکار بهێنن بۆ تێوەگلان لە شەری جەمسەرەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی پشتیوانیکردنی ئێران لەو شەڕدا.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەکردنە لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرش وپەلاماردانە تیرۆریستیانەی گروپ ومیلیشیا لە یاسا دەرچووەکاندا ، گەلی کورد خاوەن ڕابەرایەتییەکی ژیرانە و بەتایبەتی سەرۆک مسعود بارزانی ، بەخوێندنەوەی وردبینانە و هوشیارانەوە ،سیاسەت و دیپلۆماسی و ئیدارەدانێکی هاوسەنگی گڕتۆتەبەر بۆ ئەوەی گەلی کورد و قەوارەی کوردستان لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت و هەمیشە بێلانی خۆی پاراستووە ، ئەوەش پەیامێکی روون و ئاشکرایە ، چونکە گەلی کورد خاوەن دۆزێکی رەوایە و هەرگیز باوەری شەڕ نەبووە و هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانە بووە ، ناچێتە ناو شەڕ وململانێیەکەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردوکوردستانەوە نییە و سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش باش هەست بە راستییە دەکات، کە کۆتایی شەڕ و پێکدانەکانی جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کارەساتی گەورەی لێدەکەوتێەوە و لەکۆتایشدا هەر دەبێ بگەڕێنەوە سەر لۆژیکی گفتوگۆ و ئاشتی و چارەسەری.
ئەو جێگەی سەرنجە ، هێزولایەنە سیاسییەکانی عێراق ، هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دەدەن ، لەکاتێکدا رۆژ بەرۆژ بەهۆی هەژموونی گروپ ومیلیشیا تیرۆریستەکانی حەشد ، عێراق دەخزیێتە نێو شەڕوململانێیەکان و ئینجا بە ئاگری ناوچەیی و نێودەوڵەتی شەڕەکە دەسووتێت ، چونکە ئەو میلیشیایانە لە جیاتی دەوڵەت بڕیار دەدەن و بە ویستی خۆیان سەروەت و سامانەکەی بەتاڵان دەبەن و ئینجا خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکاو هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و دراوسێیەکای بەکاردێنن و ئەوەش ئاماژەیە بەوەی عێراق بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەبەن.
بۆیە تا ئەو تاقم و میلیشیانە دەسەڵاتیان بەسەر حکوومەت و سیاسەت و بەڕێوەبردندا زاڵ بێت ، ئەوە ناکرێت چاوەروانی حکوومەتێکی بەهێز و خاوەن سەروەری بکرێت و هەر دەوڵەتێک بێت شکستخواردوو دەبێ و هەرەشە و مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش زیاتر دەبێت و بە درۆن و مووشەک و سیناریۆی دیکە و بەڕێگەی تۆمەتی بێ بنەماوە پەمار دەدرێت و هەوڵی خزاندنی کوردستان دەدەن لە نێو شەڕی ناوچەکە ، ئەوەش ئاماژەیە عێراق باجی قورسی بێ دەوڵەتی دەداتەوە ، چونکە چیتر بەیاننامە و زمانی دیپلۆماسی ناتوانن عێراق لە چەنگی میلیشیاکان رزگار بکەن و چونکە لەلایەن ئەو میلیشیا و گروپە تیرۆریستانەوە بارمتەکراوە.
بۆیە ، هەڵسەنگاندنی ئەو هەژموون وکردوانەی تاقم و میلیشیا تیرۆریستەکان و خۆسەپاندنیان لە عێراق ، ئەستەمە عێراق بتوانێت خاوەن سەروەری و دەوڵەتی یاسا بێت ، چونکە کردەوەی ئەو گروپە میلیشیایانە هیچ متمانەیان نەهێشتۆتەوە ، بەتایبەتی بەردەوامی هێرش وپەلاماردانی تیرۆریستی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی مەترسیدارە لە نێو دەوڵەتێکی لاواز و بێ ئیرادەی وەک عێراقدا ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم گوشار و هێرشە بەردەوامانەشدا ، کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر توانیوێتی ئاشتی و سەقامگیری و هاوسەنگی لە نێو شەڕ وململانێیەکانی ناوچەکەدا بپارێزێت ، بەدڵنییاییەوە، وێرای هەموو فشار و پەلاماردانە تیرۆریستیانە، گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان بە متمانەبەخۆبوونێکی زۆرەوە توانیوێتی کوردستان و پرۆسەی ئاوەدانی و گەشەپێکردن بەردەوامی پێدات.
ئەوەش ئاماژەیە بەبوونی رابەرایەتییەکی ژیرانەی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی ، کە توانیوێتی لەنێو هەموو ئەو هاوکێشە ئاڵۆز و شەڕ و ململانێیەدا بە سیاسەت ودیپلۆماسی هاوسەنگانە ،نەک هەر قەوارەی کوردستان بپارێزێت ، بەڵکو هەمیشە کوردستان وەک دوورگەیەکی ئارام و سەقامگیر و شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەیەکی پڕ ئاگر و ململانێی بە هێمنی بهێڵێتەوە.

































































