زاری كرمانجی-سۆران:
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو پڕۆەی قیڕتاوكردنی لە دووسایدی (سۆران- رواندز و فلكەی پێشمەرگە تا فلكەی ئاڵا)ی بەسەركردەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.
لەو سەردانەدا تێبینی کەمووکوڕی لە قۆناغی قیرتاوکردن بەدی کرا، ھەر بۆیە دەستبەجێ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لیژنەی تایبەتمەندی راسپارد بۆ لێپێچینەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ سزادانی هەر جۆرە سەرپێچییەك كە لە جۆری و شێوازی پڕۆژەكان یان كەمتەرخەمی كۆمپانیا یان بەڵێندەرەكان كرابێت.
هاوكات، بڕیاریشیدا بە چڕتركردنی پرۆسەی بەدواداچوون لە كواڵیتی هەر پڕۆژەیەك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ئەم بڕیارە لە دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك دێت، کە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدرابوو، بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوون لەسەر جۆر و كوالیتی پڕۆژەكانی سنووری ئیدارەی سۆران.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران