زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوەو دوا وادە بۆ بەستنی پێوەری ئاو دادەنێت، لە ئەگەری پابەندنەبوونیان سزا دەدرێن.
لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە وێنەیەكی بۆ زاری كرمانجی نێردراوە تیادا هاتووە : لە ئێستاوە تا رێكەوتی 21ـی 12ـی 2022 ئەو هاوبەشانەی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئەگەر پێوەری ئاویان نەبەستاوە و پێوەر ببەستن، سوودمەند دەبن لە داشکاندنی کرێی ئەو مانگانەی لەسەریانە کە پێشتر بڕی 80 ههزار دینار دیاری كرابوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان، ئێستا بۆ 20 هەزار دینار لە ناوەوەی شارەكان كەم كراوەتەوە، هەروەها بۆ بڕی 10 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان كەم كراوەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو : ” بە پێچەوانەوە ئەو هاوبەشانەی پابەند نەبن، لەدوای ئەو ڕێكەوتەوە بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ ئەژمار دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی دووپاتیشی کردۆتەوە بۆ ئەوەی لە بڕیاری داشكاندنەکە سوودمەند بن، پێویستە بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو یان فەرمانگەكانی ئاو بكەن، كارمەندان لە پێشوازییان دەبن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو و سوودمەندبوون لە داشكاندنەكە.