هارون ئەحمەد، یاریزانی ناوەڕاستکاری لێهاتووی یانەی دهۆک، لە ئێستادا یەکێکە لە درەوشاوەترین ئەستێرەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق. هارون بەوە ناسراوە کە خاوەنی وزەیەکی جەستەیی زۆر و توانایەکی بێوێنەیە لە کۆنترۆڵکردنی ناوەندی یاریگا و ڕێکخستنی هێرشەکان. ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک وای کردووە زۆرێک لە چاودێران بە “بزوێنەری ناوەڕاست” ناوی بەرن.
هارون یاریزانێکی لاو و پێگەیشتووە کە بە ڕۆحیەتێکی بەرز و جەنگییەوە یاری دەکات، ئەمەش ڕێک ئەو سیفەتانەن کە پێویستن بۆ یاریزانێکی نێودەوڵەتی. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو لێهاتووییە، هێشتا ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا نابینرێت.
ئیدارەی هەڵبژاردەی عێراق و بەتایبەتی ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە، گراهام ئارنۆڵد، غەدرێکی گەورە لە هارون ئەحمەد دەکەن. لە کاتێکدا هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی عێراق پێویستی بە یاریزانێکی خاوەن چالاکی جەستەیی بەهێز وەک هارون هەیە، بەڵام ئارنۆڵد چاوی لە ئاستە بەرزەکەی ئەم یاریزانە پۆشیوە و بانگهێشتی ڕیزەکانی هەڵبژاردەی نەکردووە.
زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و شەقامی وەرزشی عێراقی لەو بڕوایەدان کە هارون ئەحمەد شایستەی ئەوەیە لە پێکهاتەی سەرەکی یان لانی کەم لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکاندا بێت. پشتگوێخستنی یاریزانێکی ئاوا لێهاتوو لەلایەن گراهام ئارنۆڵدەوە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر هەڵبژاردنی یاریزانەکان، چونکە هارون لە زۆرێک لەو یاریزانانەی ئێستا بانگهێشت کراون، ئاستێکی جێگیرتر و جەستەیەکی ئامادەتری هەیە. پێویستە پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکرێت تاوەکو چیتر ستەم لەم بەهرەمەندەی یانەی دهۆک نەکرێت.
نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی


































































