نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا و خاوەن بڕوانامە لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
چارەسەری بە زێرووی پزیشکی یەکێکە لەچارەسەری پزیشکیەکان کەلە شێوازە کۆنەکان لە پزیشکی مۆدێرندا وەک چارەسەرێکی تەواوکاری (Complementary Medicine) ناسێنراوەتەوە. ئەم زیندەوەرە تەنها کار بۆ مژینی خوێن ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی لیکی دەمییەوە زیاتر لە ١٠٠ جۆر پڕۆتین و ئەنزیمی چالاک (Bioactive Substances) دەڕژێنێتە ناو سوڕی خوێن کە کاریگەری و سودێکی زۆر باشی هەیە بۆ ئازار و هەوکردنی درێژخایەن.
١_ کاریگەری هەیە لەسەر هەوکردنی بەستەرەکانی ژێر پێ (Plantar Fasciitis) هەوکردنی بەستەری ژێر پێ (Plantar Fascia) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئازاری درێژخایەنی پاژنە. زێروو لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەوە کار دەکات، چونکە دژە هەوکردنی سروشتیە، لیکی زێروو دەوڵەمەندە بە ماددەی وەک Eglins و Bdellins کە کاردەکەن بۆ سەرکوتکردنی ئەو ئەنزیمانەی دەبنە هۆی هەوکردن و ئاوسان، وەکەمکردنەوەی پەستانی شانەیی بە ڕاکێشانی خوێنە کۆبۆوەکە (Congested blood)، پەستانی سەر دەمارە هەستیارەکانی ناوچەکە
٢_ ڕۆڵی زێروو لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئێسکی زیادە (Heel Spur) هەرچەندە زێروو ناتوانێت نیشتنی کالسیۆم (ئێسکە زیادەکە) بتوێنێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر شانە نەرمەکانی دەوروبەری ئێسکەکەیە بەمەش باشترکردنی مایکرۆسێرکولەیشن (Microcirculation): ماددەی وەک Histamine-like substances دەبنە هۆی فراوانبوونی موولولەکانی خوێن (Vasodilation)، ئەمەش دەبێتە هۆی گەیشتنی ئۆکسجینی زیاتر بۆ ئەو شانانەی بەهۆی ئێسکە زیادەکەوە تووشی ڕەقبوون بوون،
نەرمکردنەوەی شانەکان، ئەنزیمی Hyaluronidase یارمەتی زیادکردنی تێپەڕبوونی ماددە سوودبەخشەکان دەدات بۆ ناو شانەکان، کە ئەمەش ڕەقبوونی دەوروبەری پاژنە کەمدەکاتەوە.
٣_ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار (Analgesic Effect) لیکی زێروو کۆمەڵێک ماددەی تێدایە کە هاوشێوەی دەرمانە ئازارشکێنەکان کاردەکەنسڕکەری ناوخۆیی، بوونی ماددەی هاوشێوەی ئەنێستێتیک (Anesthetic) دەبێتە هۆی سڕکردنی دەمارە کۆتاییەکان لە شوێنی مەبەست، ماددەی هیرودین (Hirudin): ئەمە گرنگترین ماددەیە کە وەک دژە مەیین (Anticoagulant) کاردەکات؛ ڕێگری لە مەیینی خوێن دەکات و سووڕی خوێن چالاک دەکات، کە ئەمەش پڕۆسەی چاکبوونەوە (Healing) خێرا دەکات.
سوودە سەرەکییەکانی چارەسەری بە زێرووی پزیشکی چین:
١_دژە مەیینێکی بەهێزە ڕێگری لە دروستبوونی کڵۆیی خوێن دەکات و کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەیە لەسەر ڕەوانیی خوێن.
٢_پاککردنەوەی بایۆلۆژی، یارمەتی دەرکردنی پاشماوە کیمیاییەکانی ناو هەوکردنەکە دەدات (Detoxification).
٣_چالاک کردنی سیستەمی بەرگری: ئەنزیمەکان هانی سیستەمی بەرگری ناوخۆیی دەدەن بۆ نۆژەنکردنەوەی خانە زیانلێکەوتووەکان وە کەمترین کاریگەری لاوەکی هەیە بە پێچەوانەی دەرمانە ستیرۆیدییەکان (کۆرتۆن) و ئازارشکێنە کیمیاییەکان، زیانی بۆ سەر گەدە و گورچیلە نییە.
تێبینی پزیشکی: پێویستە زێرووی پزیشکی لەژێر سەرپەرشتی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا ئەنجام بدرێت، هەروەها پێویستە باشترین جۆری زێرووی پزیشکی (Medicinal Leech) بێت، وە دەبێت تەنها یەکجار بۆ یەک کەس بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان.






























































