
گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق چڕتر دەکەنەوە بە مەبەستی بڕینی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ شانیشینی ئوردن. گرووپەکە داوا دەکات بەپەلە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە ڕابگیرێت و دەروازە سنوورییەکان دابخرێن.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکن، هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، سعوودیە و ئیماراتیان تۆمەتبار کردووە بەوەی “هاوکاری و پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن” لە ململانێکانیاندا دژی ئێران.
گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فڕۆکانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناو خاکی عێراق، لە بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی ئوردنەوە دەفڕن، ئەمەش وەک پاساوێک بۆ داواکارییەکانیان بەرامبەر حکومەتی عێراق دەخەنە ڕوو.
داواکارییەکانی مقاوەمە بۆ سزادانی ئوردن خۆی لە دوو خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە یەكەمیان، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن، کە ڕۆژانە لە ڕێگەی تانکەرەوە و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
دووەمیان، داخستنی دەروازەی وشکانیی تڕێبێل لە پارێزگای ئەنبار، کە تاکە دەروازەی نێوان عێراق و ئوردنە و دەمارێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.
































































