مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمەریكا، بە پشتبەستن بە چەند زانیارییەكی هەواڵگری، ڕاگەیاند كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە پاڵ هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ بووە و ئێرانیش ئەمە بە یارییەكی تری ئەمەریكا ناو دەبات و دەڵێ تێوەگلانی ئێران لە تیرۆری ترەمپ درۆی بێ بنەمایە.
تۆڕی سی ئێن ئێن ی ئەمەریكی، لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی سەربازی بڵاوی كردەوە ئەمەریكا چەند هەفتەیەك بەر لە ڕووداوی تەقەكردنەكە، زانیاری هەواڵگری كۆكردووەتەوە كە ئێران پلان بۆ تیرۆركردنی ترەمپ دادەنێت.
هاوكات سی ئێن ئێن ئاشكراشی دەكات كە بەپێی زانیارییەكان هیچ ئاماژەیەك لە نێوان پلانەكەی ئێران و تەقەكەرەكە بەدی نەكراوە.
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕەتی كردەوە ئێران لە پاڵ هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ بێت و جەختی كردەوە كە ئەم تۆمەتانە بێ بنەما و درۆن، دەشڵێت “لە ڕوانگەی ئێرانەوە، ترەمپ تاوانبارێكە كە فەرمانی تیرۆركردنی ژەنەراڵ سولەیمانی داوە و پێویستە دادگایی بكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێت.”
13ـی تەممووز، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ كرا.