رێبوار حەمەلاو شوانی
ئەگەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە و ژیرانە بكەین ، راستییەكمان بۆ دەردەكەوێت ئەویش ئەوەیە، زۆرێك لەو كێشە وگرفتانەی ئەمڕۆ لە گشت روویەكەوە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە و دووژمنان و ناحەزانی گەلەكەمان وەك كارتێكی گوشار لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەكاری دێنن، لە ئەنجامی كەلەكە بوونی ئەو كێشە و گرفتانەیە لەماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوو، لە سەر یەكتر كۆبوونەتەوە، ئەو لایەنانەی تا دوێنی سوودمەند و بەشدار بوون لە حكوومەت و كابینەكانی رابردوو، ئەمڕۆ وەك ئۆپۆزسیۆنێكی ناتەندروست لە دژی هەرێمی كوردستان دەوەستنەوە نەك لە پێناو چارەسەر كردنیان، بەڵكو لە پێناو هاندان و ئاژاوە گێری و خۆ دزینەوە لە ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكان، بەڵام لەوەشدا كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسروور بارزانیی و درووشمی كوردستانی بەهێز هەنگاو بە هەنگاو بە پشتیوانی دڵسۆزانی ئەم گەل و نیشتیمانە لە هەوڵی چارەسەركردنیانە.
سێ ساڵی سەخت لە بەردەم كابینەی 9 بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانیدا بوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەیان كێشە و ئاستەنگ لە رووی سیاسی و گەندەڵی و دارایی و ئەمنی و ئینجا نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكیی كە تا ئێستاش بەردەوامن لە دژایەتیكردنی گەلەكەمان و ئەزموونی كوردستان، بەتایبەت حكوومەتی كوردستان كە هەنگاوەكانی بەئاڕاستەی دژایەتیكردنی مافیا و سیخور و بەكرێگیراوان و تاوانباران وتیرۆریستان دەبێت، بەڵام گرنگە بزانین خەبات و تێكۆشانی كابینەی نۆ و بارزانی بەردەوام دەبێت تا بەدیهێنانی گشت ئامانجە رەواكانی و ئاسوودەیی و دڵنیایی و سەروەر بوونی یاسا و سەقامگیری لە هەموو كوردستان .
ئیتر سەردەمی چەواشەكاری و گەوجاندنی خەڵك بەسەر چووە و گەلی كورد زۆر لەوە هوشیارترە كە تاقمێك و یان حزبێكی نابەرپرسیار بتوانێت لە خشتەیان بەرێت، یا بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی ساختەوە زیانبەخش بێت، یا قاچێكی لە نێو حكوومڕانی و قاچێكی تریش بە خەنجەری ژەهراویی لە حكوومەت بدات و دڵی دوژمنان وناحەزانی كورد وكوردستان خۆش بكات .
یەكێتی نزیكەی نیوەی داهاتی كوردستان لە دەڤەری سلێمانی وگەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لە بەردەستە و خۆیی حكومڕانی دەكات بە هەموو داهاتی خاڵە سنوورییەكانەوە، بەڵام دەیهەوێت وا لە خەڵكی دەڤەرەكە تێبگەێنێت حكوومەتی كوردستان بەرپرسیارە لە بەتاڵانبردنی سەروەت و داهات و سامانی خەڵكی و خەرجكردنی ئەو داهاتە زەبەڵاحە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبیان لە كاتێكدا حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان چاویان و گوێچكەیان لە ئاست ئەو تاوانانە داخستووە .
بۆیە نابێت چیتر خەڵكی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجە فڕیوویی چەواشەكارییەكانی یەكێتییەكەی بافڵ و كڵكەكانی نەخۆن و پرسیار بكەن چی بە سەر داهاتی دەڤەرەكەیان دێت و چەندە پارە و داهاتیش بۆ هەولێر و دهۆك خەرج دەكرێت و كێ سەرەوت و سامانی خەڵكی سڵێمانی و دەوروبەری دەستبەسەر داگڕتووە، كێن ئەوانەی بەدی هێنەری خەونی نەیاران وناحەزانی ئەو گەل و نیشتمانەن و بەردەوام سازی لێكترازان دەژنن؟ دڵنیا بن بە هێرشی میدیایی و چەواشەكاری و تابووری پێنجەم ناتوانن بچووكترین گوشار لە سەر گەل و حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بكەن ، چونكە كابینەی نۆ بەردەوام دەبێت لە چاكسازی و پاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵكاران و مافیا و تیرۆریستان و لە ئامانجەكانی پاشگەز نابێتەوە و هیچ مەرام و پیلانگێرییەك ناتوانێت بیوەستێنێت و بۆیە ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە بەردەوام دەبێت دژی بەكرێگیراو و سیخور و مافیاكان و هەمیشەیە وەك پۆڵایین بەرامبەر نەیارانی نێوخۆیی و دەرەكیی دەمێنێتەوە .