لە پەرەسەندنێکی نوێی تەناییدا ئەو گرووپە چەکدارەکانەی كە بە نزیک لە ئێران هەژمار دەكرێن و لە عێراق و لوبنانن رایانگەیاند ” قۆناغێکی نوێی هێرشەکانمان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چڕتر دەكەینەوە” ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان”.
ئەبومەهدی جەعفەری، گووتەبێژی گرووپی چەکداری (سەرایا ئەولیا دەم)، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە و ڕایگەیاند، کە هێزەکانی (مقاوەمەی ئیسلامی) سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن دەکەنە ئامانج”.
لە راگەێندراوەكەدا جەعفەری ئاماژەی بەوە کردووە” پلانی ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی 5000 سەربازی نوێ لە ناوچەکە، پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی ئەو هێزانە چڕتر بکەنەوە”.
ئەبومەهدی جەختی لەوەش کردەوە ” ئەو هێرشانەی پێشتر کراونەتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی وڵاتانی کەنداو و ئوردنەوە ئەنجام دراون”.
هاوكات (حزبوڵای لوبنانی)ش ڕایگەیاند: لە کاردانەوەی “کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل و وێرانکردنی ژێرخانی لوبنان”، هێرشێکی مووشەکیی گەورەیان کردووەتە سەر بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە ناوەندی تەلئەبیب”. “ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بەرگریکردنە لە گەلی لوبنان و وەڵامدانەوەی ئاوارەکردنی مەدەنییەکانە”. (حزبوڵای لوبنانی وای گووت).
































































