مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایدەگەیەنێت تا ئیرادەی ئێمە نەبێت، دۆخەكە بۆ باری ئاسایی ناگەڕێتەوە و دەشڵێت “زلهێزێكی جیهان، تووشی “شكستێكی ستراتیژی” بووە لە ناوچەكە،”
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـى ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، پەیامێكی ئاراستەی واشنتن كرد و دەڵێت “ئەو هێزە ستراتیژییەی كە بانگەشەتان بۆ دەكرد، گۆڕاوە بۆ شكستێكی ستراتیژی. ئەو زلهێزەی جیهان ئەگەر بیتوانیایە لەم تەنگژەیە ڕزگاری ببوایە، تاوەكوو ئێستا ڕزگاری دەبوو.”
زولفەقاری هۆشدارییەكی توندیش بە ئەمەریكا دەدات و دەڵێت “جارێكی دیكە نە وەبەرهێنانەكانتان لە ناوچەكەدا دەبیننەوە و نە نرخی پێشووی وزە و نەوت دەبینن، تاوەكوو ئەو كاتەی تێ دەگەن كە سەقامگیری لە ناوچەكەدا تەنیا لە ڕێگەی دەستی بەهێزی هێزە چەكدارەكانی ئێمەوە مسۆگەر دەبێت.”
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئاماژە بەوەش دەكات كە تا ئیرادەی ئەوان نەبێت، هیچ دۆخێك بۆ باری پێشوو ناگەڕێتەوە “ئەم ئیرادەیەش كاتێك دروست دەبێت كە بیرۆكەی هەر كارێكی سەربازی دژی گەلی ئێران لە مێشكەكانتاندا بسڕێتەوە.”

































































