شەهلا سۆفی-زاری کرمانجی:
ڕێواس ڕووەکێکە کە لە وەرزی بەهاردا بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێت بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکاندا، تامێکی ترش یان مزری هەیە کە کانزا و ڤیتامین و فلاڤۆنۆید و پێکهاتەی فینۆلیکی تێدایە کە هەموو ئەمانە بە دژە ئۆکسێنەر ناسراون.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ڕێواس دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و باشترکردنی تەندروستی دڵ.
بەهای خۆراکیی ڕێواس هەر 100 گرام یەکسانە بە 2 گرام ڕیشاڵ و 4 لەسەر دەی گرام پرۆتین و ڤیتامین K و کالسیۆم و ڤیتامین C و پۆتاسیۆم.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم ڕوەکە ترشە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بدات لە نەخۆشانی شەکرەدا.
هەروەها یارمەتیدەره لە کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا، ئەم تایبەتمەندییە دەتوانێت کاریگەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە هەوکردنەکانی وەک هەوکردنی جومگەکان و نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە.
زیادەڕۆیی لە خواردنی ڕێواس دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک دڵەڕاوکێ و کەمخەوی و سەرئێشە دڵتێکهەڵاتن و سکچوون. هەندێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خواردنی لە کاتی دووگیانی و شیرپێداندا زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت.

































































