زاری كرمانجی :
پۆلیسی ئەخلاق بەرپرسە لە ئەشكەنجەدان و كوشتنی هەزاران ژن لە ئێراندا، كە دواین قوڕبانی دەستی كارمەندانی ئەو دەزگایە شەهید كردنی ژینا ئەمینی كچە كوردی سەقز ی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، هەر ئەم رووداوەش بووە هەوێنی راپەرینێكی مەزن لە چەندین شاری ئێران و بەشی زۆری شارەكانی رۆژهەڵاتی نیشتمان، دوێنى بەپێی راگەیاندنێكی محەممەد جەعفەر مونتەزیری، داواكاری گشتیی ئێران هەڵوەشێنرایەوە.
محەممەد جەعفەر مونتەزیری، داواكاری گشتی ئێران، لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی ئەو دەزگا مەترسیدارە، وتی “پۆلیسی ئەخلاق پەیوەندیی بە دەسەڵاتی داوەرییەوە نییە و هەر لەو شوێنەوە كە دامەزرابوو، داخرا”. بەڵام باس لەوەش دەكات كە ڕووبەڕووی دیاردەی (پێشێلكردنی باڵاپۆشی) دەبنەوەو دەڵێ:” بە خێرایی كار لەسەر بابەتی پێشێلكردنی باڵاپۆشی دەكەین، هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەيه بدۆزینەوە.”
لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا حكومەتی تاران بە شێوەی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
دوای هەشتا رۆژ لە خۆپیشاندان و شەهیدبوونی ٤٥٠ هاووڵاتی و برینداربوونی هەزارانی تر ئەو دەزگایە هەڵوەشێنرایەوە.
چالاكوانانی مەدەنی هێما بۆ ئەوە دەكەن كە ژینا ئەمینی دەبێتە رەمزی گۆڕانكاری گەورە لە وڵات و ناوەستن تا دەسەڵاتی چەوسێنەر و پێشڵكاری مافەكانی مرۆڤ لە پەلوپۆ دەخەن و رووحی ژیناش شاد و ئارام دەكەن.
گیان لەدەستدانی كچێكی كورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە پاش دەستبەسەركردنی لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی تارانەوە، بوو بە هۆی دەستپێكردنی شەپۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی زۆر لە سەرانسەری ئێران كە زیاتر لە یانزە هەفتەیە بەردەوامە.