زاری كرمانجی- سۆران:
پەرلەمانتارێكی یەكێتی تۆمەت دەخاتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی كە “گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی وەهمی بەستووە”. ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ” بەدواداچوونمان كردووە و ئەو قسانە هیچ راستی تێدا نییە “.
دوای ئەوەی كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسۆینی یەكێتی، تۆمەتی خستە سەر حكومەتی هەرێم لەوەی “گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە كە وەهمییە و مەبەست لەم گرێبەستە تەنها بۆ بەفیڕۆ دانی پارەی حكومەتە”، وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی قسەكانی كاروان گەزنەیی بە ناراست وەسف كرد و گووتی ” یەكەمجار نیە كاروان گەزنەیی ببێ هیچ بەڵگەیەك قسە دەكات تەنها لە پێناو ئەوەی بڵێن قسەی كردووە، ئەمەش جێگای تێبینی و هەڵوەستەكردنە، چونكە دەبێت پەرلەمانتار پیشەییانە و راستگۆیانە قسە بكات و متمانەی خۆی لەدەست نەدات”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر روونیكردەوە ” پێشتریش هەندێ قسەی كردبوو لەبارەی ناردنە دەرەوەی پارە، ئێمە لە لیژنەی دەسپاكی بەدواداچوونمان كرد، سەرەنجام بۆمان دەركەوت قسەكانی راست نین”.
ئەمە لە كاتێكدایە كاروان گەزنەیی لە بارەی دۆخی وێرانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بێ دەنگی هەڵبژاردووە، كەچی هەموو خەڵكی سلێمانی بە سڤیل و بەرپرسی حزبی، حكومی، سەربازیش باش دەزانن چەند ساڵە خەڵكی ئەو شارە لە چ دەردە سەرییەك دانە و بازرگانان و وەبەرهێنەران تاسەر موخ بێزارن.