شەهلاسۆفی-زاری کرمانجی:
بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە گۆڤاری زانستی ئارکیۆل بڵاو کراوەتەوە توێژەران کۆمەڵەیەکی نائاسایی پاشماوەی ئاژەڵیان لە ئەشکەوتی دێس کوبیێرتا لە ئیسپانیا دۆزیەوە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئێسکەپەیکەری ئاژەڵێکی تەواو لەم ئەشکەوتەدا نییە؛ شوێنەوارناسەکان تەنها بەشی سەرەوەی کەللەسەری ٣٥ ئاژەڵی زەبەلاحیان دۆزیوەتەوە کە ٢٨ گا کێوی و ٥ ئاسک و ٢ کەروێشکیان تێدایە، نەریتێک کە ٢٠ هەزار ساڵ بەردەوام بوو.
لێکۆڵینەوەکانی تیمی شوێنەوارناسی بە سەرۆکایەتی لوسیا ڤیلاسکۆسا دەریدەخەن کە ئەم کەللەسەرانە بە ڕێکەوت نەگەیشتوونەتە ئەم شوێنە. نیاندەرتاڵەکان چەندین جار گەڕاونەتەوە بۆ ئەم شوێنە و کەللەسەرەکانیان لەوێ داناوە بۆ ماوەیەکی زۆر، لە نێوان ٥٠ هەزار بۆ ٧٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، دوای ڕاوکردن، نیاندەرتاڵەکان بە وریاییەوە تەنها بەشی سەرەوەی سەر کە قۆچیان هەبوو دەرهێناوەو گواستۆتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە. بەو پێیەی ئەم بەشەی سەر گۆشتێکی زۆری نییە بۆ خواردن.
توێژەران پێیان وایە ئەم هەڵسوکەوتە ئاماژەیە بۆ توانای دەرونی بەرزی نیاندەرتاڵەکان کە ئەوان باوەڕێکی تایبەت یان سیستەمی هێماداریان هەبووبێت کە ڕێگەیان پێداوە چەمکە ئاڵۆزەکان لە شێوەی شتەکاندا (وەک قۆچەکانی ئاژەڵ) ببینن.
تیمی توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە، “ئەم ڕەفتارە دووبارەبووەوە پارچەیەکی گرنگە لە مەتەڵەکەی ئاڵۆزی کولتووری نیاندەرتاڵەکان و ئەوە پیشان دەدات کە ئەوان توانایەکی بەرزیان هەبووە بۆ دەربڕینی ڕەفتارە ڕەمزیەکان”.


































































