زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بڕیاری خەرجكردنی پارەی رێزلێنان بۆ شەهید و بریندارانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، راگەیاند، “بەپێی بڕیارەكە، هەر بریندارێكی پێشمەرگە كە لە ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانەدا بریندار بووبێت، بڕی پێنج ملیۆن دیناری وەكو رێزلێنان پێدەدرێت، هەروەها بۆ كەسوكاری هەر شەهیدێكیش بڕی 10 ملیۆن دینار تەرخان كراوە.”
سەبارەت بە مەرجەكانی خەرجكردنی ئەو پارەیە، خەفاجی جەختی كردەوە، پێویستە ناوی ئەو شەهید و بریندارانە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتڕاست بكرێنەوە، كە لە ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانەدا شەهید یان بریندار بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستا چاوەڕوانی ئەوەن وەزارەتی پێشمەرگە لیستەكان بە فەرمی رەوانە بكات، تاوەكو دەست بە رێكارە كارگێڕی و داراییەكانی خەرجكردنی ئەو پارەیە بكرێت.


































































