ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەنێو منداڵان و هەرزەکاران بەشێوەیەکی بەرچاو باوە و کۆمەڵێک کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی منداڵان بەجێدێڵێت. ماڵپەڕی Research Gate لە توێژینەوەیەکدا دەریخستووە، ئەو دایک و باوکانەی کە ڕێگە بە منداڵەکانیان دەدەن زۆربەی کاتی بەتاڵی خۆیان بە یاری ڤیدیۆیی بەسەر ببەن، رایانگەیاندووە کە زۆر جار یاریکردن دەبێتە هۆی لاوازی لە ئەدای قوتابخانە. چەندین توێژینەوە ئاشکرایان کردووە کە هەرچەند منداڵان کاتی زیاتر بە یاری بەسەر ببەن، ئاستی نمرەیان لە قوتابخانەیان زیاتر دادەبەزێت.
هەر بە گوێرەی هەمان سەرچاوە دووەم کاریگەری خراپ و نەرێنی یارییە ڤیدیۆییەکان لەسەر گەشەی منداڵ و بیرکردنەوەیان، ئەوەیە هەڵسوکەوتی توندوتیژی لە نێو منداڵاندا هەڵدەکشێت. یارییە ڤیدیۆییەکان ڕۆڵێکی زۆر خراپ لە گەشەی منداڵدا دەگێڕن و دەبنە هۆی خەمۆکی و هەڵسوکەوتی توندئاژۆ. منداڵان نەک تەنها توندوتیژ دەبن، بەڵکو هەڵسوکەوتی دژە کۆمەڵایەتی، زیادبوونی شەڕانگێزی و مەیلی دوورکەوتنەوە زیاد دەکەن. لاساییکردنەوەی توندوتیژی لە یارییەکانی وەک تەقەکردن وا لە منداڵان دەکات هاوشێوەی ئەو یارییانە هەڵسوکەوت بکەن.
سێیەم، یارییە ڤیدیۆییەکان هەڵسوکەوتی دژە کۆمەڵایەتی و دابڕانی کۆمەڵایەتی بەرز دەکەنەوە. توێژینەوەکەی ماڵپەی Research Gate ڕایدەگەینێت بەهۆی سروشتی کۆمەڵگای مۆدێرن، خەڵک پێیان باشترە ژیانیان لە نێو بینای خۆیاندا بەسەر ببەن، دوور لە ئاژاوەکانی جیهانی دەرەوە. ئەم ڕەفتارانەش بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ منداڵان گواستراوەتەوە. بەهۆی سروشتی ئالوودەبوونی یارییە ڤیدیۆییەکان، منداڵان لەوانەیە کاتێکی زۆر بە یاریکردن بەسەر ببەن و بەم شێوەیە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەنانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانیشدا فەرامۆش بکەن.


































































