نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
١٦ ساڵ ئەزموونی پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
کەڵەشاخ وەک چارەسەرێکی تەواوکاری، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هۆرمۆنی فشار (کۆرتیزۆڵ) و چالاککردنی کۆئەندامی دەماری ئارامکەرەوەیە و یارمەتی جێگیرکردنی باری دەروونی دەدات. ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ کەسانی نەخۆشی دەروونی لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، بەڵام بۆ حاڵەتە توندەکانی وەک “شێتی”، پێویستی بە سەقامگیریی دەروونی و چاودێریی ورد هەیە تاوەکو پڕۆسەکە لە سوودبەخشەوە نەبێتە هۆی شۆک و تێکچوونی زیاتری نەخۆشەکە.
کەڵەشاخ تەنها پڕۆسەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە. بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کار لە نەخۆشێکی دەروونی دەکات، دەکرێت لەم سێ ڕەهەندەوە سەیری بکەین :
لە ڕووی زانستییەوە، کەڵەشاخ کار لەسەر ئەم خاڵانە دەکات کە بۆ نەخۆشی دەروونی گرنگن :
١_ میکانیزمی بایۆلۆژی (Physiological Impact)
سیستەمی پاراسیمپاسێتیک (Parasympathetic Nervous System) کەڵەشاخ دەبێتە هۆی چالاککردنی ئەم سیستەمە کە بەرپرسە لە “ئارامکردنەوە و پشوودان”، ئەمەش لێدانی دڵ و فشاری خوێن کەمدەکاتەوە کە زۆرجار لای نەخۆشی دەروونی بەرزە.
٢_ ڕێکخستنی گەیەنەرە دەمارییەکان، فشار خستنە سەر خاڵە دەمارییەکان دەبێتە هۆی دەردانی ئەندۆرفین و دۆپامین، کە وەک ئازارشکێن و باشکەری میزاج کار دەکەن،
٣_کەمکردنەوەی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ، ئاستی هۆرمۆنی فشار (Cortisol) لە خوێندا دادەبەزێنێت بۆ ئاستی سروشتی خۆی کەوەک “دوگمەی ئارامکەرەوە وایە بۆ جەستە و مێشک، سوود و گرنگییەکانی بریتین لە :
ئارامیی دەروونی، هەستی دڵەڕاوکێ و شڵەژان (Panic) کەم دەبێتەوە و مرۆڤ هەست بە سەقامگیری دەکات، باشبوونی خەو، جەستە دەتوانێت بچێتە قۆناغی “خەوی قووڵەوە چونکە کۆرتیزۆڵی بەرز ڕێگرە لە دەردانی مێلاتۆنین (هۆرمۆنی خەو).
بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری، جەستە توانای زیاتری دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و هەوکردنەکان.
ڕێکبوونەوەی کێش، کۆبوونەوەی چەوری لە دەوری سک (کە بەهۆی فشارەوە دروست دەبێت) کەم دەبێتەوە. پاراستنی مێشک، ڕێگری دەکات لە تێکچوونی خانەکانی مێشک کە بەرپرسن لە یادەوەری و فێربوون، تەندروستی دڵ، فشاری خوێن دادەبەزێت و لێدانی دڵ ئاسایی دەکاتەوە.
ئایا بۆ کێشەی عەقڵی توند” شێتی گونجاوە کەڵەشاخ بکرێت؟
لێرەدا دەبێت جیاکاری بکەین، بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ (Depression & Anxiety): زۆر گونجاوە و وەک چارەسەرێکی تەواوکاری (Complementary Medicine) سەیر دەکرێت.
بۆ تێکچوونی عەقڵی (Psychosis/Schizophrenia) لێرەدا مەترسییەکە زانستی نییە، بەڵکو سایکۆلۆژی و تەکنیکییە. نەخۆشێک کە لە واقیع دابڕاوە، لەوانەیە بریندارکردنی پێستی وەک هەڕەشە ببینێت، ئەمەش دەبێتە هۆی “تراوما” یان شۆکێکی دەروونی نوێ کە دۆخەکەی خراپتر بکات.
ڕێنماییەکان پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ حاڵەتی نەخۆشی دەروونی چین؟
ئەگەر بڕیارە بۆ کەسێک نەخۆشی دەروونی هەبێت کەڵەشاخ ئەنجام بدرێت دەبێت ڕاچاوی ئەم هەنگاوانە بکرێت :
١_ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕی دەروونی پێویستە پزیشکی دەروونی ڕاوێژی پێ بکرێت ئاگاداری نەخۆشەکە بێت، چونکە هەندێک دەرمانی دەروونی خوێن شل دەکەنەوە.
٢_کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و خاوەن ئەزموون دەبێت کەڵەشاخ ئەنجام بدەن تا بتوانێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ دۆخی دەروونی نەخۆشەکە بکات.
٣_ پێویستە شوێنەکە پاک و خاوێن و زۆر ئارام بێت و کەسێکی نزیکی نەخۆشەکە لەوێ بێت بۆ دڵنیاکردنەوەی.
چ کاتێک قەدەغەیە کەڵەشاخیان بۆ بکرێت؟
ئەگەر کاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ هاتبوو بەڵام نەخۆشەکە ئەم نیشانانەی هەبوو، پێویستە دوابخرێت :
١ئەگەر لەو ڕۆژەدا زۆر تووڕە و بێزار بوو. ٢ ئەگەر بە توندی دەلەرزا یان فشاری خوێنی زۆر نزم بوو.
٣_ئەگەر تازە دەرمانێکی دەروونی نوێی بۆ نووسرابوو و بیخواردبێت (پێویستە دوو هەفتە تێپەڕێت تا جەستە ڕادێت).
باشترین خاڵەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ حاڵەتی نەخۆشی دەروونی لەکوێ بۆی بکرێت :
لە خاڵی (C7) (T1) (T3) (T7) لەگەڵ یەک کوپ لە نێوانی چاوانی، یەک کوپ لە تەوقی سەری، دوو دانە لە پشتی گوێیەکانی.
نێوانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بەپێی جەلسە چەند بێت باشە ؟
بۆ قۆناغی سەرەتایی دەبێت سێ مانگ لەسەر یەک بۆی بکرێت.
تێبینی : کەڵەشاخ هەرگیز جێگەی دەرمانی دەروونی و چارەسەری پزیشکی ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها وەک پاڵپشتییەک دەکرێت سەیر بکرێت. ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ کەسێک نەخۆشی دەروونی هەبێت کارێکی پزیشکییە نەک تەنها سوننەت یان نەریت بێت، ئەگەر نەخۆشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە دەتوانێ بەئارامی دابنیشێت و ترسی نەبێت ئەنجامدانی کەڵەشاخ زۆر بەسوودە، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە لە حاڵەتی “شێتیی توند” یان “وەهم” دابوو، ئەوا ئەنجامدانی پەسەند نییە تا ئەو کاتەی بە دەرمان جێگیر دەبێت، هەمیشە باشترە لەم جۆرە حاڵەتانەدا کەڵەشاخی وشک (بەبێ بریندارکردن) تاقی بکرێتەوە، چونکە هەمان سوودی هێورکردنەوەی هەیە بێ ئەوەی نەخۆشەکە بترسێت یان خوێنی لێ بڕوات.

































































