دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترۆس سۆشیال، ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی نەوتەکەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە وەردەگرن، پێویستە ڕۆڵی چالاکتر لە پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە بگێڕن.

ترەمپ بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە جەختی لەوە کردەوە ” کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە بە توندی لاواز بووە، ئەمریکا هاوکار دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە دەستەبەرکردنی ئەم ڕێگا دەریاییە گرنگە بۆ ئەوەی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەبێ پەککەوتن بەردەوام بێت”.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند” واشنتۆن هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بەرژەوەندخواز دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پڕۆسەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و سەلامەت ئەنجام بدرێت، بۆیەش پاراستنی ئەم ڕێگایە دەبێت بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش بێت لە نێوان ئەو وڵاتانەی وابەستەی ئەو ڕێگایە”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا گووتیشی ” ئەم جۆرە هاوکارییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر ئاستی جیهانی”.

































































