مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی بەرگری حكومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایگەیاند كە هێزەكانیان لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دوایەی پاكستان، هێرشییان كردووەتە سەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا 14 سەربازی پاكستانییان كوشتووە و دەستیان بەسەر بنكەیەكی سەربازیی ئەو وڵاتەشدا گرتووە.
وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای دەكات هێزەكانیان بنكەیەكی سوپای پاكستانیان لە نزیك هەر دوو ویلایەتی “كونار و نەنگەرهار” كردووەتە ئامانج و بە ماوەیەكی كەم توانیویانە دەست بەسەر بنكەكەدا بگرن و 14 سەربازی ئەو وڵاتەش بكوژن و 11 ی دیكەش بریندار بكەن.
هاوكات دەسەڵاتدارانی پاكستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن كە تاڵیبان لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشیان كردووەتە سەر چەند ناوچەیەكی ناوخۆی پاكستان،
لای خۆشییەوە، سەرۆككۆماری پاكستان، ئاسیف عەلی زەرداری هێرشەكەی تاڵیبان بە “پێشێلكردنی سەروەریی خاكەكەی” ناوبرد .

































































