زاری کرمانجی
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کەلەلایەن گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیاندراوەكەی دەستەی سەرەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە: ” بەداخەوە ماوەیەکە ناوچەکە توشی شەڕو ململانێی سەخت بۆتەوە کە کاریگەری گەورەی لەسەر ئارامی ناوچەکەو ئاسایشی و ئابوری دروست کردووە.
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لە ململانێکان و هەمیشە هەوڵی داوە دوور بێت لە شەڕو کێشەکان و بەردەوام پشتیوانی ئاشتی و زمانی دیالۆگ و گفتوگۆی کردوە ، بەڵام بەداخەوە ماوەیەکە بەبێ هیچ پاساوێک و دوور لەهەموو بەهاو عورف و یاساکان گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچوەکانی عێراق هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە کەشێکی نائارامیان دروست کردوەو قوربانی لێ کەوتۆتەوە ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین و بەرپرسیارێتی سەرەکی بۆ ڕێگری کردن و کۆنتڕۆڵ کردنی کاری ئەو چەکدارانە لەئەستۆی حکومەتی ئیتحادی عێراقە.
لێرەوەش داوا لەسەرۆکایەتیەکانی عێراق دەکەین ڕێگری بکەن لەو گروپە لەیاسا دەرچوانەو چیتر نەهێڵن ئەو گروپانە ببنە مەترسی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەرکی پاراستنی خاک و گەلانی عێڕاق لەئەستۆ بگرن و بپارێزن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.

































































