پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی :
نەوت فرۆشێكی سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، لە بارەی دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان بۆ زاری كرمانجی دەڵێت:” ماوەی دوو رۆژە نرخی نەوتی سپی لەبازاڕەكانی نەوت فرۆشاندا رووی لە دابەزین كردووە.”
مەغدید ئۆمەراوەی نەوت فرۆش، ئەوەشی خستە ڕوو:” لە ئێستادا نرخی یەك بەرمیل نەوتی بەسڕە لە 260 هەزار بۆ 240 هەزار دینار دابەزیووە هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی موسڵ لە 255 هەزار دینار دابەزیوە بۆ 230 هەزار، هاوكات نرخی یەك لیتر نەوتیش بە 1100 دینار دەفرۆشرێت لە بازاڕەكاندا.”
مەغدید ئۆمەراوەی باس لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت دەكات و دەڵێ:” هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار ئاسانی زۆریكردووە و نەوتێكی زۆریش بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە لە عێراق، پێشبینی دەكرێت نرخەكەی زیاتر روو لە دابەزین بكات.”