زاری كرمانجی :
گوتەبێژی گرووپی چەكداریی “سەرایا ئەولیا دەم”، پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی هێزە بیانییەكان و ڕاوێژكارانی سەربازی لە عێراق كرد و ڕایگەیاند” بڕیاری چوونە دەرەوەیان چیتر لە دەستی خۆیاندا نەماوە.”
ئەبو مەهدی جەعفەری ئاماژەی بەوە كرد كە مێژووی ئەم جەنگە تەنیا بە مووشەك نانووسرێتەوە، بەڵكو ناوی ئەو كەسانەشی تێدایە كە لە ڕیزی دوژمناندا ون دەبن و ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بنكەكانیان نادۆزنەوە.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە دوای كوژرانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێكی ئەمریكا و ئیسرائیلدا، ناوچەكە كەوتووەتە ناو شەپۆلێكی نوێی ئاڵۆزییەوە.
جەعفەری جەختی كردەوە، هەندێك لە ڕاستییەكانی مەیدانی جەنگ بە شاراوەیی ماونەتەوە و تەنیا كاتێك ئاشكرا دەبن كە دۆخەكە هێمن بێتەوە، ئەو كاتە هەمووان تێدەگەن بۆچی زانیارییەكان لە كاتی خۆیدا بڵاونەكراونەتەوە.
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم كە لە دوای ڕووداوەكانی كۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ەوە چالاكییەكانی چڕكردووەتەوە، بەرپرسیاریەتی چەندین هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گرتووەتە ئەستۆ.
وتەبێژی گرووپەكە دەڵێت” ئەو هێزە بیانیانەی وەك شەڕكەر یان ڕاوێژكار هاتوونەتە ناو خاكی ئەوان، بەم زووانە بۆیان دەردەكەوێت كە گەڕانەوەیان ئاسان نییە و چارەنووسیان لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندا دەبێت.”
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، ئەبو مەهدی جەعفەری باسی لەوە كرد كە ئەوان سەبری پێویستیان هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و كاتی گونجاو دەستنیشان دەكەن بۆ ئاشكراكردنی وردەكاریی زیاتر. ئەم هۆشدارییانە نیشاندەری قۆناغێكی نوێ و مەترسیداری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییە لە عێراق و ناوچەكەدا كە ڕەنگە لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەرەنجامی قورستری لێ بكەوێتەوە.

































































