سەردار قازی ـ سۆران:
دوێنێ شەممە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە یاوەری قایمقامی قەزای رواندز و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ كاروباری كارگێڕی، جەلال سەعید ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، سەردانی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی وەرزشی نێودەوڵەتی رواندزییان كرد، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كارەكانی پڕۆژەكە.
هیمداد نەسرەددین، گوتەبێژی یانەی وەرزشی رواندز، بۆ زاری كرمانجی وردەكاری سەردانەكە دەخاتەڕوو: “مەبەستی ئەم سەردانەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ چاودێریكردنی رایی كردنی كاروبارەكانی یاریگە بوون، كە ماوەیەكە بەبڕیاری جەنابیان كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی دەكرێت.”
گوتەبێژی یانەی رواندز، گوتیشی:” ئەم سەردانەی بەڕێزیان، گرنگ بوو بۆ ئێمە، چونكە بەشێكی دیكە لەكەم و كوڕییەكان كە پێشووتر لەنێو دەرخستەی پڕۆژەكە نەبوون، بڕیاری چارەسەریان بۆدرا، لەئایندە كاری لەسەر دەكرێت.”
زیاتر لەمانگێكە، كار لەنێو یاریگەی (بانەزێوك) دەكرێت، بەشێكی تەواوبووە، و بەگوێرەی رێككەوتنەكە بڕیارە لەماوەی 90 رۆژدا رادەستی یانەی رواندز بكرێتەوە.