لە وەڵامی گرژییە بەردەوامەکان و پەکخستنی گەرووی هورمز، ئەمریکا بە بڕیارێکی فەرمی ژمارەیەک کەشتی جەنگی و دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی “مارینز”ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئەم هێزە نوێیە کە لە یەکەی ٣١ی مارینز پێکهاتووە، لە ژاپۆنەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون و دەچنە پاڵ زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی دیکەی ئەمریکی کە پێشتر لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.
بەرپرسانی سەربازی جەخت دەکەنەوە کە ئامانجی ناردنی ئەم هێزانە بەهێزکردنی تواناکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکان. ئەم هەنگاوە بە بڕیاری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و پەسەندکردنی وەزیری بەرگری هاتووە، تاوەکو بژاردەی جۆراوجۆر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دڵنیابوونەوە لە هاتوچۆی دەریاوانی لەبەردەست فەرماندەکاندا بێت.
































































