پێگەی ئەکسیۆس، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك لە بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکی بڵاوی كردەوە: ئیسرائیل پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان لە لوبنان ئەنجام بدات، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی ناوچەی باشووری ڕووباری لیتانی و لەناوبردنی ژێرخانی سەربازی حزبوڵڵا. ئەگەر ئەم پلانەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوە گەورەترین هێرشی زەمینی ئیسرائیل دەبێت لە لوبنان لە پاش ساڵی ٢٠٠٦ەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکە بریتی دەبێت لە گرتنی ناوچە سنوورییەکان و دەركردنی هێزەكانی حزبوڵڵا بۆ باکوور و لەناوبردنی پێگەکانی گروپەکە و کۆگاکانی چەک لە گوندەکانی باشووری لوبنان.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزێكی زۆر و یەدەگی ڕەوانەی سنووری لوبنان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی لوبنان نیگەرانی خۆی لە دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنێکی وەها بەرفراوان دەربڕی و هۆشداریشیدا لەوەی کە شەڕەکە زیانێکی زۆر بە وڵاتەکەی دەگەیەنێت.
بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دەکات بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات زیانەکانی ژێرخانی حکومەتی لوبنان سنووردار بکات و ڕێگە خۆش بکات بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ڕێککەوتنی دوای جەنگ.
































































