ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ ١٤ـی ئادار، یادی لەدایكبوونی ڕابەری نیشتمانی و باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد، مەلامستەفا بارزانییە، كە وەك ژەنەڕاڵی چیاكان هەموو ژیانی لەپێناو كەرامەت و ئازادی گەلەكەیدا بەخشی.
ئەوەش لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بارزانی نەمر تەنها سەركردەیەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو ئەندازیاری بنیاتنانی بیری پێشمەرگە و داڕێژەری فەلسەفەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی بوو كە توانی دۆزی گەلی كورد لە بزووتنەوەیەكی ناوچەییەوە بگۆڕێت بۆ ناسنامەیەكی نەتەوەیی، سیاسی و نێودەوڵەتی.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، ئاماژە بەوەش دەكات، لەم یادە شكۆدارەدا، دووپاتی وەفاداری بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزان و رێچكەی بارزانی نەمر لە ژێر سایەی بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەینەوە، هەروەها جەخت لە پاراستنی ئەو دەستكەوتە نیشتمانییانە دەكەینەوە كە بەرهەمی خەباتی بەردەوام و بێوچانی ئەو زاتە مەزنە و خوێنی پاكی شەهیدانی كوردستانن.
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و سەرجەم تێكۆشەرانی ڕێگای ئازادی.


































































