بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بارەگای خاتەم ئەلئەنبیە سەر بە سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی هێرش كردنە ژێرخانی نەوت و ئابووری وڵاتانی ناوچەکەی کرد و رایگەیاند ” دەیانكەین بە خۆڵەمێش ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی نەوت، ئابووری و وزەی کۆماری ئیسلامی”.
ئەم لێدوانە دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە هێرشەکەی سەر دوورگەی خارگ لە کەنداوی فارس هات. ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترۆس نووسیویەتی: چەکەکانی ئێمە بەهێزترین و پێشکەوتووترین چەکن کە جیهان بینیبێتی، بەڵام بە هۆکاری ئەخلاقی بڕیارم داوە ژێرخانی نەوتی ئەو دوورگەیە لەناو نەبەم، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی یان هەر لایەنێکی دیکە دەستوەردان بکات لە تێپەڕاندنی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان بەناو گەرووی هورمزدا، دەستبەجێ بەو بڕیارە دەچمەوە.
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا لە بەیاننامەیەکی کورتدا هەڕەشەی کرد: لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانی نەوت، ئابووری و وزەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک پێشتر هۆشداریمان دابوو، هەموو ژێرخانی نەوت، ئابووری و وزەی سەر بە کۆمپانیا نەوتییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا کە پشکی ئەمریکییان هەیە یان هاوکاری ئەمریکا دەکەن، دەستبەجێ لەناو دەچن و دەکرێنە کۆمەڵە خۆڵەمێشێک.


































































