سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە تێچووی شەڕی وڵاتەکەی دژی ئێران تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
لە لێدوانەکەیدا، بیسێنت تیشکی خستە سەر پاراستنی ئاسایشی وزەی جیهانی و ڕایگەیاند؛ هێزی دەریایی ئەمریکا لە زووترین کاتی گونجاوی سەربازیدا، دەست دەکات بە یاوەریکردن و پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە بەردەوامیی هەناردەکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پێیان وا نییە ئێران هەوڵی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز بدات، چونکە هاتوچۆی بەردەوامی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی چین و خودی ئێران لە گەرووەکەدا، وەک ڕێگرێکی سەرەکی لەبەردەم ئەنجامدانی هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبینرێت.


































































