مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێكی دا ئەنجامەكانی دوو هەفتەی یەكەم لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ‘ نەڕەی شێر’ ی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵڵا دەخاتە ڕوو. بەپێی ڕاپۆرتەكە هەزاران هێرش دژی ئامانجە سەربازییەكان لە ئێران و لوبنان ئەنجام دراون.
لە ڕاپۆرتەكەی سوپای ئیسرائیل هاتووە “لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا، نزیكەی حەوت هەزار و 600 هێرش لەناو خاكی ئێران ئەنجام دراون. لەوانە زیاتر لە دوو هەزار هێرش ئامانجی سەرەكی و دامەزراوەكانی ڕژێمی ئێران بوون، هەروەها نزیكەی چوار هەزار و 700 هێرشیش دژی بەرنامەی مووشەكی ئێران و پرۆژە پەیوەندیدارەكانی ئەنجام دراون”.
دەشڵێت “هێزە ئاسمانییەكان زیاتر لە چوار هەزار و 700 ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە، كە لەوانە زیاتر لە 380 هێرشی بەردەوامی لە ئاسمانی ئێراندا ئەنجام دراون.”
بەپێی ڕاپۆرتەكەی سوپای ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا هەزاران تیرۆریست لە ئێران و زیاتر لە 380 چەكداری گرووپی حیزبوڵڵاش لەناوبراون .


































































