ڕائیب زراری -زاری كرمانجی:
لە 14ی ئاداری 1903 و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا بارزانیی نەمر باوكی نەتەوەی كورد و سەركردەی بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان هاتە ژیانەوە و دواتر پاش ئەوەی زیاتر لە نیو سەدە ژیانی خۆی بۆ خەبات و تێكۆشان و ڕزگاری كوردستان و ئازادی گەلەكەی تەرخان كرد، پاش كۆچی دوایشی لەناو گەلەكەی و لە یادەوەری شۆڕشگێران و ئازادیخوانی جیهاندا بە نەمری مایەوە.
ڕۆژی 14ی ئادار لە مێژووی كوردستان و جیهاندا بەگشتی و كوردستانی عێراق بەتایبەتی شوێنێكی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێك خەڵكی كوردستان بە جیاوازی بیروڕاو نەتەوە و ئایینەوە چەندین ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن.
بارزانیی نەمر ئەندامی ماڵباتێك بووە كە لە مێژوودا پێگەوشوێنێكی ئایینی و نیشتمانی مەزنیان هەبووە، هەر لەو كاتەوەی لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا بارزانی هاتۆتە ژیانەوە چاوی بە ئازار و ژانی میللەتەكەی و نەبەردی و نەسرەوتنی پیاوە مەزنەكانی ماڵباتەكەی هەڵهێناو لە تەمەنێكی زووەوە ئەوكاتەی سەركردەیەكی وەكو شێخ عەبدولسەلامی بارزانی سەركردایەتی بزافی ڕزگاریخوازی كوردی كردووە، بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ماڵباتەكەیدا زیندانی كراوە.
ئەوكاتەشی شێخ ئەحمەدی بارزانی سەركردایەتی گرتۆتە دەست و لە پێناوی ئازادی كوردستاندا درێژەی بە خەبات و تێكۆشان داوە ئەوەبوو لە ژێر سەركردایەتی بارزانیی نەمردا دەستەیەك پێشمەرگەی ڕەوانەی كوردستانی توركیا كرد لەوێ بارزانیی نەمر بە مەبەستی هەماهەنگی چاوی بە شێخ عەبدولقادری نەهری و شێخ سەعیدی پیران كەوتووە، كاتێكیش لە مایسی 1919 شێخ مەحموودی حەفید لە ناوچەكانی سلێمانی شۆڕشی بەرپا كرد، بارزانیی نەمر سەركردایەتی ئەو پێشمەرگانەی كرد كە بەمەبەستی هاریكاری كردنی شێخ بەرەو سلێمانی چوون.
دواتر لە شۆڕشەكانی ساڵانی 1932دا بارزانی ڕۆڵێكی فەرماندەی دیاری هەبووە و دواتر سەركردایەتی شۆڕشەكانی ساڵانی 1943 و 1945ی كردووە، دواتریش لە كۆماری دیموكرات لە مەهاباد ڕۆڵێكی جوامێرانەی هەبوو كاتێك بەمەبەستی پاڵپشتی كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد پێشمەرگەكانی شۆڕشی ساڵی 1945ی كوردستانی عێراقی بردە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
بارزانیی نەمر سەركردەی یەكێك لەو ڕێڕۆیشتنە مەزنانەیە كە لە مێژووی خەباتی ئازادی خوازاندا بەڕێڕۆیشتنی مێژووی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس ناسراوە، پاش پەرینەوەش لە ئاراس و گەیشتن بە یەكێتی سۆڤییەتی جاران بارزانیی نەمر بە یاوەری 500 پێشمەرگە بۆ ماوەی زیاتر لە 11 ساڵ لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران مایەوە.
بارزانیی نەمر لە 11ی ئەیلوولی 1961 مەزنترین شۆڕشی لە سەدەی بیستەمدا بەرپاكرد و توانی ڕژیمی بەعس ناچار بكات دان بە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت و بەوەش بزافی ڕزگاریخوازی كوردستانی بردە قۆناغێكی نوێوە، لە مێژووی كوردستان و ناوچەكە و جیهانیشدا بارزانیی نەمر كاریگەرییەكی مەزنی داناوە، لە دروستكردنی مێژووی سیاسی عێراق و ناوچەكە و بگرە جیهانیشدا بەشدار بووە هەر بۆیە ناوی بە زیندوویی و یاد و ڕێبازەكەی و خەبات و ژیانی ئەو بە نەمری دەمێنێتەوە.
بەشێك لە وێستگەكانی ژیانی بارزانیی نەمر
مەلا مستەفا بارزانی، كوڕی شێخ محەممەد بارزانییە و لە گوندی بارزان لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ لە دایكبووە.
لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە لایەن عوسمانییەكانەوە لە دوای نسكۆی شۆڕشی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی دەستگیر كرا و بارزانیی نەمر و دایكیشی لە مووسڵ خرانە زیندانەوە.
بارزانیی نەمر لە ١٩١٩ بەشداریی لە جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی كردوو و سەرپەرشتی تیمێكی پێشمەرگەی كرد، كە ژمارەیان سێ سەد پێشمەرگە بوون.
لە ساڵی ١٩٢٠ شێخ ئەحمەدی بارزان، برای بارزانی، وەك نوێنەر ڕەوانەی باكووری كوردستان دەكات بۆ ئەوەی سەردانی شێخ سەعیدی پیران بكات و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.
لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ و ١٩٣٢ سەرپەرشتی هێزێكی بارزانییەكان دەكات بۆ بەرگریكردن لە میحوەری مێرگەسۆر و شێروان مەزن لە بەرانبەر هێزەكانی ئینگلیز، لەو شەڕەدا بەهۆی چاپووكیی و كارزانییەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێنا و توانی میحوەرەكەی بپارێزێت.
لە ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و هەندێك لە پیاوەكانیان، ڕوویان كردە توركیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی بكەن، دواتر بەهۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەكان و دەستەڵاتی ئەو كاتەی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوور خرانەوە، دواتر گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی دە ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر برد.
لە ١٢ی تەممووزی ١٩٤٣ بە هاوكاریی ڕێكخراوی هیوا توانی لە سلێمانی خۆی دەرباز بكات و بچێتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
لە هەمان ساڵدا لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەك گەنج لە دەوری كۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا دوو هەزار پێشمەرگەی خۆبەخش ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەدا بگرن.
لە پایزی ١٩٤٣دا حكوومەتی بەغدا شاندێكی ڕەوانەی بارزان كرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی وتوێژ بكەن و شەڕ بوەستێنن، بارزانیی نەمر مەرجی ئەوەی خستەڕوو، كە دەبێت شێخ ئەحمەدی بارزانی و سەرجەم دوورخراوەكان بگەڕێنەوە، حكوومەتی نوری سەعید هەموو مەرجەكانی بارزانیی نەمری جێبەجێ كرد.
لە ١٩٤٣ و ١٩٤٥ شۆڕشی بارزان لە دژی حكوومەتی عێراق، كە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێ دەكرا سەری هەڵدا و شۆڕش ناوچەیەكی فراوانتری كوردستانی گرتەوە.
لە ١١ی ئایاری ١٩٤٥ بارزانی و پێشمەرگەكانی ڕوویان كردە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ بارزانی لە مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، بەشداری كرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆككۆماری كوردستانەوە، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.
لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بارزانیی نەمر، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەكو سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا.
دوایی نسكۆی كۆماری كوردستان لە ١٩٤٧ ڕێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتیی سۆڤیەتی جاران ئەنجام دا و بارزانیی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەستەڵاتی ئێران بكات لەگەڵ پێنج سەد پێشمەرگە ڕوویان كردە یەكێتیی سۆڤیەت و لەو ڕێڕۆیشتنەشدا، ڕووبەڕووی سوپاكانی عێراق، ئێران و توركیا بوونەوە.
ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٤٧ بارزانی و یاوەرەكانی لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەكێتیی سۆڤیەت.
لە دوایی شۆڕشی چواردەی تەممووزی ١٩٥٨ بارزانیی و یاوەرانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر جەماوەر پێشوازیان لێكردن.
عەبدولكەریم قاسم، سەرۆككۆماری عێراق لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٥٨ پێشوازی لە بارزانیی و یاوەرانی كرد.
لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ بارزانیی ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەكداری لە دژی دەستەڵاتدارانی بەغدا كرد و شۆڕشەكەی ١٥ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدەستهێنا.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بارزانیی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان ڕێككەوتن ئەوە یەكەمجار بوو لە مێژوویی كوردستاندا شۆڕشێكی كوردی بە ٩ ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستكەوتە بۆ كورد بەدەستبهێنێت.
لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بەهۆی ڕێككەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد ڕەزا شای ئێران لە جەزائیر شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و بەو هۆیەوە بارزانیی و هەزاران پێشمەرگەی شۆڕشەكەی ڕێگەی ئاوارەییان هەڵبژارد.
لە دوایی نسكۆی ١٩٧٥ جارێكی دیكە بارزانیی چاودێری و سەرپەرشتی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كرد.
لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ بارزانیی نەمر لە ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد لە ٥/٣/١٩٧٩ لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەسپەردەی خاك كرا.
لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٩٢ تەرمی بارزانیی نەمر و شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ هێنرانەوە بۆ كوردستان و لە خاكی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.

































































