بە پێی هەواڵی میدیاکانی ئێران حەمید هیراد گۆرانیبێژی ناوداری پۆپ پاش ساڵانێکی درێژ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 34 ساڵیدا لە تاران کۆچی دوایی کرد.

بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێران بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، ١٢/٣/٢٠٢٦ ئەو هونەرمەندە دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی سپارد.
هیراد لە ساڵی ٢٠١٧ەوە گیرۆدەی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن ببوو و چەندین ساڵ بوو چارەسەری وەردەگرت. کۆمپانیای “ئاوازی نۆ” و خێزانەکەی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە؛ رێوڕەسمی ماڵاوایی و بەخاکسپاردنی سبەی هەینی کاژێر ١١:٠٠ی بەیانی لە بەشی هونەرمەندان لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بەڕێوەدەچێت.
حەمید هیراد لە ساڵی ١٩٩١ لە باکووری ئێران لەدایکبووە، یەکێک بوو لە دیارترین دەنگەکانی ساڵانی دوایی موزیکی پۆپ لە ئێران و بە گۆرانییەکانی وەک “شوخیه مەگەر” و “ئینفێراد” ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان پەیدا کردبوو.

































































