بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق کار بۆ جێبەجێکردنی چەند بژارەیەکی بەپەلە دەکات، تاوەکوو لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکردن بۆ تورکیا دەست پێبکاتەوە.
بژارەی جێگرەوەی بەغدا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12/3/2026، باسم محەممەد خدر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، بە ڕۆژنامەی فەرمیی (سەباح)ـی ڕایگەیاند: “بەکارهێنانی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا بژارەیەکی سەرەکییە، ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەو ڕێگەیەوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەککەوتنی داهاتی وڵات بگیرێت.”
ئەم بڕیارەی وەزارەتی نەوت لەکاتێکدایە کە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسیی داخرانی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بەغدا بە دوای ڕێگەی جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە گەیاندنی سووتەمەنی بە بازاڕەکانی جیهان و پارێزگاریی لە ئاسایشی ئابووریی خۆی بکات.


































































