وەرزش ـ زاری كرمانجی :
شەوی رابردوو هەڵبژاردەكانی هۆڵەندا و ئارجێنتینا سەركەوتن بۆ چارەگی كۆتایی، دوای بردنەوەی هۆڵەندا لەئەمریكا 3-1، و ئارجێنتیناش 2-1 لەئوسترالیای بردەوە، هەردووكیان لەچارەگی كۆتایی بەیەك دەگەن.
بە بەڕێوەچوونی دوو یاریی، یارییەكانی قۆناخی شازدەی جامی جیهانی بەردەوامیان دەبێت.
كاتژمێر 6 ـی ئێوارە لەسەر یاریگەی ئەلسومامە، فەڕەنسا رووبەڕووی پۆڵەندا دەبێتەوە.
دواین رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 كاتێك، فەڕەنسا بەگۆڵێكی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.
یاریی دووەم كاتژمێر 10 شەو لەسەر یاریگەی ئەلبەیت بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئینگڵاند رووبەڕووی پاڵەوانی ئەفریقا، سەنیگال دەبێتەوە.
بردنەوەی ئەم یارییە یەكسانە بە بڕینی هەنگاوێكی گەورەتر بۆ هاری كەین و هاوڕێكانی، تا هەنگاوێكی دیكە لەنازناوەكە نزیك ببنەوە، كە لەساڵی 1966 ـەوە لێی دوورن.