نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
١٦ ساڵ ئەزموونی پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ خانمانی دووگیان بابەتێکی ڕێپێدراوە بەڵام بە مەرج و ڕێنمایی زانستی زۆر ورد و ڕەچاوکردنی بارودۆخی بایلۆژیی و فسیۆلۆژیی دایک و کۆرپەلە.
چارەسەری بەکەڵەشاخ وەک یەکێک لە ڕێگەکانی پزیشکی تەواوکاری (Complementary Medicine)، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە چالاککردنی سوڕی خوێن و ڕێکخستنی هۆڕمۆن و هاوسەنگی جەستە، بەڵام جەستەی خانمان لە کاتی دووگیانیدا بەهۆی گۆڕانکارییە بایلۆژی و فیسۆلۆژییەکانەوە، پێویستی بە مامەڵەیەکی تەندروست و زانستیی و وریایانە هەیە.
بۆیە دەستنیشانکردنی کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ، نەک تەنها دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی دایک و کۆرپەلە، بەڵکو دەکرێت وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی فشار و ئازارە جەستەییەکانی دوای منداڵبوون بەکاربهێنرێت. لەم بابەتەدا، بە پشت بەستن بە بنەما زانستییەکان، سنوور و مەرجەکانی چارەسەری بەکەڵەشاخ لەم قۆناغە هەستیارەدا دەخەینەڕوو :
ئایا ڕێپێدراوە خانمان لەکاتی دووگیانیدا کەڵەشاخ ئەنجام بدەن؟
١_لە ڕووی زانستی و تەندروستییەوە، زۆربەی شارەزا و پسپۆڕانی پزیشکی جێگرەوە و تەنانەت پزیشکانی ئافرەتان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە خانمان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیاندا بەهیچ شێوەیەک کەڵەشاخ ئەنجام نەدەن، ئەمەش بەهۆی ناسکیی جێگیربوونی کۆرپەلە و گۆڕانکارییە خێراکانی هۆرمۆن.
٢_ مەرج و ڕێنمایی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ خانمان لەکاتی دووگیانیدا ئەگەر بارودۆخەکە پێویست بوو و دوای تێپەڕبوونی سێ مانگی یەکەم واتە (لە مانگی چوارەم تا هەشتەم)، دەبێت ڕاچاوی ئەم خاڵانە بکرێن :
أ_ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ پێش هەموو هەنگاوێک دەبێت پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و منداڵبوون ڕەزامەندی بدات، چونکە باری تەندروستی هەر خانمێک جیاوازە و دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بڕیار بدات لەبارەی ئەنجامدانی کەڵەشاخ.
ب_دوورکەوتنەوە لە ناوچە هەستیارەکان بە هیچ شێوەیەک نابێت کەڵەشاخ لە ناوچەکانی (سک، حەوز، و خوارووی پشت) بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی هاندانی گرژبوونی منداڵدان و مەترسی بۆ سەر کۆرپەلە دروست دەبێت.
ت _لەسەرەتایی سێ مانگی سەرەتایی دوو گیانی دەکرێت، بەڵام ئەگەر خانمەکە لە بارودۆخێکی تەندروستی جێگیردابێت، تەنها سێ کوپی کەڵەشاخی بۆ ئەنجام دەدرێت یەکەم لەفەقەراتی حەوت و دوو دانە کوپی تریش لەنێوان شانەکانی بدرێت.
ح_ کەم خەوی و ماندوویەتی زۆر ئەگەر زۆر ماندووبێت و کەم خەوتبێت نابێت کەڵەشاخی بۆ بکرێت.
قەدەغەیە کەڵەشاخ لەم بارودۆخانەدا ئەنجام بدرێت بۆ خانمانی دووگیان:
١_کەمیی خوێن (Anemia) زۆربەی خانمانی دووگیان تووشی کەمی خوێن و ڕێژەی ئاسن دەبن، کەڵەشاخ لەم کاتەدا ڕەنگە ببێتە هۆی بێهێزییەکی زۆر یان بوارنەوە، تەندروستی خانمەکە و کۆرپەکەی دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە نابێت خانمێک خوێنی کەم بێت و کەڵەشاخ ئەنجام بدات.
٢_ هەبوونی مەترسی لەبارچوونی کۆرپەلە، ئەو خانمانەی پێشتر کێشەی لەبارچوونیان هەبووە یان لەم دووگیانییەدا نیشانەی مەترسییان لێ دەرکەوتووە.
٣_ پەستانی خوێنی زۆر نزم یان زۆر بەرز کە جێگیر نییە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر گەیشتنی ئۆکسجین بە کۆرپەلە.
٤_ لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا، نابێت کەڵەشاخ ئەنجام بدرێت چونکە لە مانگی نۆیەمدا جەستەی دایک لە ماندووترین دۆخی خۆیدایە. لەدەستدانی خوێن (تەنانەت بە بڕێکی کەمیش) دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین و وزە، ئەمەش وادەکات دایکەکە لە کاتی پڕۆسەی منداڵبووندا کە پێویستی بە هێزێکی زۆرە، توانای جەستەیی کەم بێتەوە.
کەی کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ دوای منداڵبوون:
پێویستە جەستەی دایک کاتێکی پێویستی هەبێت بۆ چاکبوونەوەی برینی منداڵبوون و ڕێکخستنەوەی هۆرمۆنەکان.
١_ ئەگەر ئافرەتێک بە سروشتی منداڵ بووبێت (Normal Delivery) دەبێت دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ لە (ماوەی زەیسانی) و پاکبوونەوەی کەڵەشاخی بۆ ئەنجام بدرێت، چونکە لەم ماوەیەدا منداڵدان دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و جەستە لە ڕووی فیزۆلۆژییەوە جێگیر دەبێت، کەڵەشاخ لەم کاتەدا یارمەتیدەرە بۆ پاکبوونەوەی جەستە لە پاشماوەی هۆرمۆنە زیادەکان و کەمکردنەوەی خەمۆکی دوای منداڵبوون..
٢_ ئەگەر ئافرەتێک بە نەشتەرگەری (C-Section) منداڵی بووبێت
ماوەی چاوەڕوانی و کاتێکی زیاتری پێویستە بە لایەنی کەمەوە ٣ بۆ ٦ مانگ دوای نەشتەرگەرییەکە، چونکە دەبێت دڵنیا بینەوە کە برینی نەشتەرگەرییەکە بە تەواوی چاک بووەتەوە و هیچ هەوکردنێک یان کێشەیەک لە دیوارەکانی سک و منداڵداندا نەماوە. هەروەها جەستەی دایک پێویستی بە کاتە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خوێنەی لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا لەدەستی داوە.
سوود و گرنگی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ خانمان لەدوای دووگیانیدا:
١_ ڕێکخستنی هۆڕمۆنەکان، کەڵەشاخ یارمەتی هاوسەنگکردنی هۆرمۆنی پرۆلاکتین (بۆ شیردان) و هۆرمۆنە دەروونییەکان دەدات.
٢_کەمکردنەوەی ئازار لەناوچەی پشت و حەوز و سک و شان و مل
کە بەهۆی دووگیانییەوە دروست ببوو، ئازار بەگشتی کەمدەکاتەوە.
٣_ چالاککردنی سوڕی خوێن کەڵەشاخ یارمەتی دایک دەدات زووتر چالاک بێتەوە و هەست بە ماندوێتییەکی زۆر نەکات.
تێبینی : سەلامەتترین ڕێکار ئەوەیە کە خانمانی دووگیان چارەسەری بەكەڵەشاخ بۆ دوای منداڵبوون دوا بخەن. بەڵام لە حاڵەتی پێویستیدا، دەبێت ڕەزامەندی پزیشکی پسپۆری منداڵبوونیان هەبێت و لەژێر چاودێری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ کەڵەشاخ ئەنجام بدرێت،
وە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەفتەکانی کۆتایی (نزیک لە کاتی منداڵبوون)، تەنها بە مەبەستی “ئاسانکاری منداڵبوون” و لەژێر چاودێری پزیشک یان پسپۆڕێکی زۆر شارەزا، ڕەنگە جۆرێک لە کەڵەشاخی وشک بەکاربهێنرێت، بەڵام وەک ڕێسایەکی گشتی بۆ خەڵک، قەدەغەیە چونکە مەترسییەکانی زۆر زیاترن لەسوودەکانی.
یان ئەو خانمانەی تووشی ڕشانەوەی زۆری دووگیانی دەبن و جەستەیان وشک بووەتەوە، نابێت کەڵەشاخ بکەن تا کێشەی شلەمەنییان چارەسەر دەبێت.

































































