نووسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
خاوەنی ١٦ ساڵ ئەزموونی پراکتیکی لە چارەسەری بە کەڵەشاخ.
زۆرێک لە خانمان پرسیار دەکەن ئایا دەکرێت لە کاتی سوڕی مانگانەدا کەڵەشاخ بکەن؟ وەڵامی زانستی و تەندروستی بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە” کە باشترە لەم ماوەیەدا کەڵەشاخ ئەنجام نەدرێت، مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و لەژێر چاودێری ورددا بکرێت.
ئەو هۆکارانە چین کەوا نابێت کەڵەشاخ لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت :
١_ بێهێزیی گشتی جەستە، لە کاتی سوڕی مانگانەدا، جەستەی ئافرەت بە شێوەیەکی سروشتی بڕێک خوێن لەدەست دەدات و تووشی گۆڕانکاریی هۆرمۆنی دەبێت، ئەنجامدانی کەڵەشاخیش دەبێتە هۆی زیاتر ماندووبوون و کەمبوونەوەی وزەی جەستە.
٢_دابەزینی پەستانی خوێن، زۆرێک لە خانمان لەم ماوەیەدا تووشی دابەزینی پەستانی خوێن دەبن، کەڵەشاخیش لەوانەیە ئەم دۆخە زیاد بکات و ببێتە هۆی سەرگێژخووردن یان بوورانەوە.
٣_کاریگەری لەسەر سوڕی خوێن، جەستە لەم کاتەدا سەرقاڵی پڕۆسەیەکی سروشتییە، دەستێوەردان لە ڕێگەی کەڵەشاخەوە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی ڕیتمی ئاسایی سوڕەکە یان گۆڕانی ماوەکەی.
٤_ هەستیاریی جەستە بۆ ئازار، بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە، جەستە زیاتر هەست بە ئازار دەکات، ئەمەش وا دەکات لە کاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ چارەخوازەکە، لەڕووی دەروونیەوە ناخۆش و پڕ لە قەلەقی و سترێس بێت.
کەی باشترین کاتە بۆ خانمان کەڵەشاخ ئەنجام بدەن؟
ڕێنمایی زانستی و تەندروستی ئەوەیە” ٣ بۆ ٥ ڕۆژ لە دوای پاکبوونەوە لە سوڕی مانگانە باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ، چونکە لەم کاتەدا جەستە گەڕاوەتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی و کەڵەشاخ زۆرترین سوودی دەبێت بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن و پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان.
تێبینی : ئەنجامدانی کەڵەشاخ لەکاتی سووڕی مانگانەدا هیچ ڕێگرییەکی پزیشکی نییە و ئاساییە، بەڵام بەم مەرجانە بکرێت”
ڕەچاوکردنی باری تەندروستی، پێویستە باری جەستەیی و دەروونی خانمەکە لەبەرچاو بگیرێت، گوێگرتن لە چارەخواز، نەخۆش، نیشانەی لێهاتوویی و ئەمانەتی پیشەیی چارەسەرکارە کە بایەخ بە بارودۆخی تایبەتی چارەخوازەکە بدات، وەک ئەزموونی کرداری خۆم بەپێی ئەزموونی ١٦ ساڵ وەک شارەزایەک دەڵێم” ئەنجامدانی کەڵەشاخ لەکاتی سووڕی مانگانەدا بێ کێشەیە ئەگەر بە وریاییەوە ئەنجام بدرێت.
































































