ڕائیب زراری- زاری کرمانجی
كار لەسەر پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان بە كۆتا هاتووە و لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەكە دەكرێتەوە كە لە هەر كاتژمێرێكدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەكە دابین دەكات.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: ئێستا كار لەسەر پڕۆژی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان بە كۆتا هاتووە، دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و نەورۆز بە فەرمی پڕۆژەكە دەكرێتەوە، كە لە هەر كاتژمێرێكدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەكە دابین دەكات.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەشڵێ: سەرچاوەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە كە لە ڕووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان بەگوژمەی سەد و سی و هەشت ملیار دینار جێبەجێ كراوە، لە پێنج كۆگای سەرەكی و پەنجا و یەك كۆگای لاوەكیی ئاو پێكهاتووە لەڕێگەی زیاتر لە پێنج سەد كیلۆمەتر بۆڕی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ پەنجا و یەك گوندی ناوچەكە دەگوازرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ نەهێشتنی كێشەی كەمئاوای بۆ ماوەیەكی زۆر لەو گوندانە، لە هەمات كاتدا ئاوی ژێر زەوی پارێزراو دەبێت.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: پڕۆژەكە بە كوالیتییەكی باش و تەندروست دروست كراوە، لە هەمان كاتدا پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و ئاو بۆ هاووڵاتییانی سنووری ناحیەی بارزان و بەشێك لە گوندەكانی ناحیەی گۆڕەتوو هەر لە باڵندا بگرە تا گوندی شیوەدز دابین دەكات، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی مەلامستەفا بارزانی دەكەین بۆ خەمخۆری جەنابیان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە.


































































