پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەگەنە ئاستێکی نوێ لە تووندی و ئەمڕۆ سێشەممە “تووندترین رۆژی هێرشەکان” دەبێت بە بەشداریی زۆرترین فڕۆکەی جەنگی. هێگسەس جەختی کردەوە کە شەڕەکە تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بڕیار دەدات، بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنتاگۆن، دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لەنێوبردنی هێزی دەریایی ئێران یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانیان. لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کەنداو دەکات، بەڵام ترەمپ هۆشداریی داوە کە رێگری لە هەر دەستوەردانێک لە بازاڕی نەوتدا دەکەن.
وەزیری جەنگ، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی سەکۆی مووشەکەکانی بردووەتە نێو گەڕەکە سڤیلنشینەکان و نزیک قوتابخانەکان بۆ ئەوەی وەک قەڵغان بەکاریان بهێنێت. سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هێگسەس گوتی کە ترەمپ کۆنترۆڵی خێرایی جەنگەکەی لەدەستدایە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٤ کاژێری رابردوودا، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
































































