35 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی سۆران تێدەپەڕێت
موڕشید برادۆستی – سۆران:
ڕاپەڕینی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان دژی حكومەتی بەعس، رووداوێكی گەورە و گرینگ و مێژوویی بوو، دەستكەوت و گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گەورەی هێنایە ئاراوە، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵكی كوردستان دادەندرێت.
راپەڕینە مەزنەكە، بۆ یەكەمین جار لە 5ی ئاداری 1991 لە رانیە دەستی پێكرد و تا 21ی مانگ بەردەوام بوو، بەو شێوەیە تێكڕایی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان كرانە دەرەوە. پێنج رۆژ دوای رانیە، جەماوەری سۆرانیش راپەڕینیان كرد و توانرا لە چەند كاتژمێرێكدا سەرجەم بنكە و دامودەزگاكانی ئەمنی و سەربازی رژێمی بەعس كە ئەو كات زیاتر لە 43 هەزار سەرباز و چەكداری هەبوو لە سنوورەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ئاڵای پیرۆزی كوردستانی تێدا بەرزبكەنەوە، راپەڕین بە خوێنی سێ شەهیدی قارەمانی دەڤەری سۆران بە ناوەكانی” باقی عزیز شێروانی، شاكر ئەحمەد خان باڵەكی، تاهیر عبدڵڵا پیرەوەسی “تەواو بوو.
ئەوانەی بەشداری راپەڕینی سۆرانیان كرد ژمارەیان زۆرە، لەسەر دیاری كردنی رۆژی راپەڕین و شێوازی هێرش كردنە سەر حكومەت و رژێمی بەعس لە ناوچەكە، یەكەم شوێنیش كە لە سۆران كۆنترۆڵكرا نەخۆشخانەی گشتی سۆران بوو، پێشمەرگە وای پێ باش بوو كە پێنج خوولەك پیش راپەڕین نەخۆشخانەكە ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كەسانە بكەن كە لە شەڕدا برینداردەبوون، چونكە ئەمە تاكە نەخۆشخانەبوو لە سۆران، دواتر فەەمانگەکان و شوێنەکانی دیکە کۆنتڕۆڵکرا .

































































