مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
كوردانی عەفرین دوای هەشت ساڵ ئاوارەبوون و دابڕان لە زێدی خۆیان، لە شارەكانی حەسەكە و قامشلۆ ئامادەكاری دەكەن بۆ گەڕانەوەی شارەكەیان، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی 3ی 2026 یەكەم كاروانی عەفرینییەكان كە پێكهاتوون لە 400 خێزان لەو شوێنەی كە ناویان ناوە “بەیانی گەڕانەوە” كۆبوونەوە و دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند “حكومەتی كاتی سووریا، نزیكەی 50 پاسی ڕێكخستووە بۆ گواستنەوەی خەڵكی ئاوارەی عەفرینی نیشتەجێ شاری قامشلۆ بۆ زێدی خۆیان،”
گەڕانەوەی ئاوارە عەفرینییەكان دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەبوونی زۆرەملێی دێت، لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لە ساڵی ٢٠١٨، كە لە ئەنجامدا دەیان هەزار كەس لە ناوچەكەوە ئاوارەبوون بۆ ناوچە جیاوازەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە دێت كە لە 29ی 1ی 2026 لەگەڵ حكومەتی كاتی واژۆ كرا، كە مەرجی ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەك خێزانی ئاوارە بۆ ناوچە ڕەسەنەكانیان لە عەفرین دیاری كراوە و وا بڕیارە تا جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ هەموو ئاوارەكان بچنەوە جێگای خۆیان.



































































