مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات كە دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەفتەی ڕابردووە و لە بارودۆخێكی توندی ئەمنی دا، دەستیان كردووە بە گواستنەوەی بەندكراوانی بەندیخانەی مەهاباد بۆ بەندیخانەی میاندواو .
بە پێی ڕاپۆرتەكەی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان “ڕۆژی سێشەممە 3ـى 3ـى 2026 دوای بۆردوومانكردنی ناوەندێكی سەربازی لە نزیك زیندانی مەهاباد، بەندكراوان كە دەرگای بەندەكانیان لەسەر داخرابوو، ناڕەزایییان دەر بڕی. ناڕەزایەتییەكە لە لایەن هێزەكانی یەكەی تایبەتەوە بە گازی فرمێسكڕێژ سەركوت كرا.”
دوابەدوای ناڕەزایەتییەكە هەر وەكوو لە ڕاپۆرتەكە هاتووە “ئێران نزیكەی 100 بەندكراوی تاوانە ئاسایییەكان و چەند زیندانییەكی سیاسی كە سزای بەندكرانی كورت ماوەیان هەبووە، بە دانانی بارمتە یان مۆڵەتی پیشەیی، پشووی 15 ڕۆژەیان وەرگرت یان بە شێوەی كاتی لە زیندان ئازاد كراون.”
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاشكراشی كردووە دوای ڕۆژێك لە بۆردوومانەكە، هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە نهێنی و لە بارودۆخێكی توندی ئەمنی دا 120 بەندكراو كە 38 یان بەندكراوی سیاسیی بوونە لە بەندیخانەی مەهابادەوە گواستراونەتەوە بۆ بەندیخانەی میاندواو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای پەرەسەندنی بۆردوومانەكان، كەشێكی ئەمنیی توند بەسەر زیندانە جیاوازەكانی كوردستاندا زاڵ كراوە. ژمارەی پاسەوانەكان لە بەندیخانەكاندا چەند هێندە زیادكراوە و دەرگای بەندەكان بە ڕووی زیندانییەكاندا داخراوە و هاتووچۆیان بۆ ناو هۆڵی وەرزش و كتێبخانەكان قەدەغە كراوە. هەروەها هێزەكانی سوپای پاسداران لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێگیر كراون.


































































