محەممەد مەحموود- سۆران
لە 8 مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتانە، لەو یادە پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتان کراون و لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ئافرەتان گلەییان هەیە لەوەی وەک پێویست لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی ڕۆڵیان پێ نەدراوە، بەتایبەتی لە پۆستی بەڕێوەبەرەگشتییەکان هیچ ئافرەتێک دانەندراوە.
نازەنین عەزیز، چالاکوانی بواری ئافرەتان و بەپرسی پێشووی لقی سۆرانی یەکێتی ئافرەتان دەڵێت ” بوونی ئافرەت لە پۆستە ئیداریەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر کەمە کە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن وە هیچ ئافرەتێک لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتیەکان دانەندراوە و زۆر پشت بەتواناکانی ئافرەت نەبەستراوە لەپڕکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکان کە هۆکارگەلێکی زۆر هەن بەشێکی بۆ بێ متمانەیی لەسود وەرگرتن لەتوانای ئافرەتە وە بەشێکیش بۆخودی ئافرەتەکە خۆی دەگەرێتەوە کەوەک پێویست هۆشیار نییە لەئەرک ومافەکانی خۆی “.
نازەنین عەزیز، گوتیشی ” لەهەمان کاتدا ئیرادەو هێزی ئافرەت زۆر گرنگە کەزیاتر گرنگی بەپەروەردەکردنی کەسایەتی خۆیان و بەرەو پێشبردنی تواناکانیان بدەن وە پێویستە هزری کۆمەلایەتی بگۆردرێت، چونکە تائێستاش کارکردنی ئافرەت لەدەرەوەی ماڵ بەشەرم وعەیبەیێک لێک دەدرێتەوە لەلایەن بەشێک لەخێزانەکان ،ئافرەتی ئێمە دەتوانێ خۆی دروست بکات بەمەرجێک ڕێگری لێ نەکرێت وە زەمینە سازی بۆبکرێ کە ئەمەش پێویستی بەکات وداڕشتنی سیستەمی تایبەت هەیە.
مینا تەها، لە سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتان بەم جۆرە سەرنجەکانی خۆی باسدەکات ” لە ئیدارەی سۆراندا، لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا هێشتا هیچ ئافرەتێک بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دانەنراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆمەڵگادا زۆر ئافرەت هەن کە خوێندنی بەرز، ئەزموونی کار و توانای سەرکردایەتیان هەیە. بەڵام هێشتا هەلی پێویست بۆ گەیشتن بە پۆستە بەرزەکان بۆیان نەدراوە”.
مینا تەها ئاماژەی بەوەشدا ” نەبوونی ئافرەت لە ئاستی بڕیاردان تەنها کێشەیەکی تاکەکەس نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیستەمییە کە پێویستە چارەسەر بکرێت. چونکە بەشداریکردنی ئافرەتان لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی دامەزراندنەکان دەتوانێت دید و بیرۆکەی جیاواز بۆ بڕیاردان بهێنێت و کاریگەری باشتر بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگا دروست بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەروو ” بۆیە پێویستە دەرفەت و هەلی یەکسان بۆ هەمووان دابین بکرێت، بە تایبەتی بۆ ئافرەتان، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداری لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دامەزراندنە حکومییەکاندا بکەن. هەبوونی ئافرەت لە پۆستە بەرزەکاندا تەنها پرسێکی دادپەروەری نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگتر و پێشکەوتووتر.
کوردستان یاسین چالاکوانی بواری ئافرەتان ئەوەیش بەمجۆرە بۆ چوونی خۆی دەخاتەروو “یەکێک لە دەستکەوت و شانازیەکانی سۆران وەک هەر ناوچەیەکی تری کوردستانی ئافرەتەکانیەتی، لە قۆناغە یەک بەدوای یەکەکانی شۆڕش و مێژوودا تا گەیشتنە ساتەکانی بنیاتنانی حکومەتی کوردی وە تا ئێستاش، ئافرەتانی سنووری سۆران بەشێکن لە بنیاتنەرەکانی دەستکەوت و سەروەریەکانی کوردستانمان، لە ئێستاشدا ئافرەتانی سۆران لەگەڵ گۆڕانکاری و نوێخوازی قۆناغی باشیان بڕیوە بۆ دەستگەیشتن بە بەرپرسیاریەتیە بڕیار بەدەستەکان، بەڵام ئەوەی زۆر بە ڕوونی بەدیدەکرێت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئافرەتان وەکو لایەنی لاوەکی لە پۆست و دامودەزگا حکومیەکان ڕۆڵیان پێدراوە، ئەوە بە مانای نەبوونی ئافرەتی کارامەو خودان شیان نایەت، بەڵکو مانەوەیە لە چوارچێوەی ئەم بۆچوونەی کە تەنها پیاوان دەتوانن لە بڕیار و بەرێوەبردنی گشتیدا سەرپشک بکرێن”
ئەو چالاکوانە ئەوە گلەییەشی هەبوو” زۆرێک لە ئافرەتانی سۆران لە ئێستادا لە دەرەوەی سنووری شارەکەی خۆیان و لە پارێزگاکانی تری کوردستان، لە پێگەو پلەی جیاواز خزمەت دەکەن ئەمە دەستکەوت و شانازیەکی گەورەیە بۆ شاری سۆران، بەڵام دەبێت بپرسین بۆچی لە شاری خۆیان ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخساوە؟ سنووردارکردنی بەرپرسیاریەتییە گشتییەکان بۆ دابەشکاری ڕەگەزی لە هەر شوێنێک بێت بە کەموکوڕی هەژمار دەکرێت.
ئافرەتانی سۆران کابینەی نۆیەم بە کابینەی نوێگەری و خزمەت و گرنگیدان بە رۆڵی ئافرەتان دادەنێن، وە بڕوایان وایە لە کابینەکانی داهاتووی حکومەتی هەرێم ڕۆلی زیاتریان پێدەدرێت لە دەمودەزگا گشتیەکان، بەرپرسیارانەش دەڕوانن لە خزمەتکردنی خاک و وڵاتی خۆیان.
لای خۆشیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پەیامێکدا بەبۆنەی 8 ی مارسەوە دەڵێت ” لە ٨ی مارسدا، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پرسی ئافرەتان تەنها بۆنەیەک نییە بۆ پیرۆزبایی، بەڵکو پێوەرە بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک.
ژنی کورد لە مێژوودا سەلماندوویەتی کە نەک هەر لە بەڕێوەبردنی خێزان، بەڵکو لە بونیادنانی نیشتمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان ڕۆڵ و پێگەی بەرچاویان هەیە،بەم بۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و بەتایبەت ئافرەتانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەم.

































































